فاکس نیوز نامەیەکی دەگمەنی دەوڵەتی لوبنانی ئاشکرا کردووە کە لە میانەی شەڕدا بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی ناردووە. لەو نامەیەدا ئێران بە هەوڵدان بۆ راکێشانی لوبنان بۆ ناو جەنگ، دەستێوەردانی ئاشکرا لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتەکە، بەکارهێنانی خراپی پارێزبەندی دیپلۆماسی و گواستنەوەی تیرۆریستانی سوپای پاسداران لە ژێر ناوی دیپلۆمات، تاوانبار کردووە.
لەو نامەیەی کە ڕێکەوتی 21ی چوار ی لەسەرە و لەلایەن ئەحمەد عەرفە، نوێنەری هەمیشەیی لوبنان لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە نێردراوە، دەوڵەتی لوبنان دەڵێت کۆماری ئیسلامی هێزەکانی سوپای پاسدارانی "لە ژێر پەردەی چالاکی دیپلۆماتیک" هێناوەتە ناو خاکی لوبنان و ئەم هەنگاوەش پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ڤیەننایە لەسەر پەیوەندییە دیپلۆماتییەکان.
لە بەشێک لە نامەکەدا هاتووە کە چەندین میدیا، لەوانەش میدیای ئێرانی، دوای کوژرانی ئەو کەسانەی تاران بە دیپلۆمات ناساندبوونی، ڕایانگەیاندووە کە ئەوان لە ڕاستیدا ئەندامی سوپای پاسداران بوون. لوبنان هەروەها وتوویەتی وێنە، جل و بەرگی سەربازی، نیشانە و پلەی ئەو کەسانە لە سوپای پاسداراندا لە میدیاکان بڵاوکراونەتەوە.
ئەم ناکۆکییە دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر هوتێلی ڕامادا لە بەیروت دەستیپێکرد. میدیای حکومەتی ئێران ڕایگەیاندبوو، ئەمیرسەعید ئیروانی، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی و نوێنەری هەمیشەیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نامەیەک بۆ سکرتێری گشتی، سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش و سەرۆکی ئەنجومەنی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، باسی لە کوژرانی چوار دیپلۆماتی ئێرانی کردووە کە لە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە 8ی مارسی 2026 لە هوتێلی ڕامادای بەیروت کوژراون.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە نامەکەی لوبناندا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەکراوە، کۆماری ئیسلامی لە نامە و پەیوەندییەکانی دواتردا ناوی شەش کەسی هێناوە. دەوڵەتی لوبنان دەڵێت باڵیوەزخانەی کۆماری ئیسلامی دەربارەی ئامادەبوون و دۆخی دیپلۆماتیی بەشێک لەمانە، وەزارەتی دەرەوەی لوبنانی ئاگادار نەکردووەتەوە.
دەوڵەتی لوبنان لە نامەکەیدا هەروەها نوسیویەتی، سوپای پاسداران چەندین جار لە ڕاگەیەنراوە فەرمییەکانیدا باسی لە جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ حزبوڵڵا لە خاکی لوبناندا کردووە.