ئیسرائیل فەرماندەیەکی پلەباڵای سەربازی حەماس دەکاتە ئامانج

سوپای ئیسرائیل لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئێکس، ڕایگەیاند کە عێزەدین حەداد، سەرۆکی باڵی سەربازی حەماس، ناسراو بە کەتائیبی عیزەدین قەسامی کردووەتە ئامانج.

بەپێی ڕاگەیاندنێکی هاوبەشی سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ئەلحەداد بەرپرس بووە لە کوشتن و ڕفاندن و زیانگەیاندن بە هەزاران هاووڵاتی ئیسرائیلی و سەربازانی ئەو وڵاتە.

هەروەها بەرپرسایەتی بارمتەکانی حەماسی لە ئەستۆ بوو و خۆی لە ناو بارمتەکان دا حەشار داوە.

ئەلحەداد دوای کوژرانی سینوار لە ساڵی 2025، بوو بە سەرکردەی باڵی سەربازی حەماس.

بەپێی زانیارییەکانی ئیسرائیل، ئەلحەداد لە هەوڵدا بووە توانا سەربازیەکانی حەماس دووبارە بەهێز بکاتەوە و خەریکی داڕشتنی پلانی هێرشی نوێ بووە بۆ سەر شوێنە مەدەنی و سەربازانیەکانی ئیسرائیل.

هێرشەکە دوای چاودێرییەکی بەردەوام بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک و لە ناوچەی ڕیمالی شاری غەززە ئەنجام دراوە. سەرچاوە ئیسرائیلییەکان دەڵێن نیشانە سەرەتایییەکان ئاماژە بە سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە دەکەن.

عیزەدین ئەلحەداد، ناسراو بە ئەبو سوهەیب، یەکێک بوو لە سەرکردە هەرە گرنگەکانی حەماس کە لە لیستی کەسە مەترسیدارەکاندا بوو. ئەو هەروەها یەکێک لە دوایین پلانداڕێژەرەکانی هێرشی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 بوو کە هێشتا لەلایەن ئیسرائیلەوە نەکوژرابوون.