وەزارەتی دادی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت هاووڵاتییەکی عێراقی لە نیویورک ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە بە تۆمەتی پیلاندانان بۆ ئەنجامدانی لانیکەم 18 هێرشی تیرۆریستی، لەنێوانیان تەقاندنەوەی بۆمبێکی ئاگرین لە بانکێکی ئەمستەردام، هێرشی چەقۆ بۆ سەر خەڵکانی جوو لە لەندەن و هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تۆرۆنتۆ.
ئێف بی ئای ئەو هاوڵاتییە عێراقییەی تۆمەتبار کردووە بە پشتیوانی لە ڕێکخراوە تیرۆریستەکانی ناو عێراق کە سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانن.
بەپێی ئەو بەڵگانەی کە ڕۆژی هەینی لە دادگای فیدراڵی مانهاتن بڵاوکراونەتەوە، محەمەد باقر سەعد داود سەعدی هەوڵی هێرشکردنە سەر پەرستگایەکی جووی لە نیویۆرک لە مانگی ڕابردوو داوە.
سەعدی هەروەها تۆمەتبارە بەوەی وێنە و نەخشەی ناوەندی جووەکانی لۆس ئانجلۆس و ئەریزۆنای هەبووە و گوتوویەتی پلانی هێرشکردنی هەیە بۆ ئەو شوێنانە.
وەزارەتی دادی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت سەعدی هەروەها بەشدار بووە لە پیلاندانان و جێبەجێکردن و گرتنەئەستۆی دوو هێرشی دوایی لە کەنەدا کە بریتی بوون لە هێرشێک بۆ سەر پەرستگایەکی جوو و تەقەکردن لە کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە تۆرۆنتۆ.
وەزارەتی داد دەڵێت سەعدی ئەم کردەوانەی ئەنجام داوە لەژێر ناوی حەرەکەی شەعبی یەمینی ئیسلامی کە پێکهاتەیەکی کەتائیبی حزبوڵایە.
هەریەک لە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و گرووپی کەتائیبی حزبوڵا لەلایەن حکومەتی ئەمەریکاوە وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی دەرەکی پێناسە دەکرێن.
بە گوێرەی بەڵگەنامەکان، سەعیدی لە یەکەم دانیشتنی دادگادا هیچ قسەیەکی نەکردووە، بەڵام لە ڕێگەی پارێزەرەکەیەوە بانگەشەی ئەوەی کردووە گوایە زیندانییەکی سیاسی و دیلی جەنگە و لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەمەریکاوە بەهۆی ئەوەی پەیوەندی بە قاسم سلێمانییەوە هەبووە، دەچەوسێندرێتەوە.
پارێزەرەکەی سەعیدی، ئەندرۆ دالاک، ڕایگەیاندووە تۆمەتبارەکە لە تورکیا دەستگیر کراوە و پاشان دراوەتە دەست بەرپرسانی ئەمەریکا. دالاک ڕایگەیاند سەعیدی لە کاتی گواستنەوەی بۆ زیندانێکی فیدراڵی لە بروکلین لە شەوی پێنجشەممەوە لە زیندانێکی تاکەکەسی راگیراوە.