ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیمارات و ئێران لە دوای کۆبوونەوەی بریکس فراوانتر دەبن

INDIA-BRICS/

دوای ئەوەی وەزیری دەرەوەی ئێران ئیماراتی تۆمەتبار کرد بەوەی "ڕاستەوخۆ" بەشدار بووە لە هێرشەکانی سەر ئێران، وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە بەیاننامەیەکدا بە توندی وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت بەم تۆمەتانە ڕژێمی ئێران دەیەوێت پاساو بۆ کارە "تیرۆرستییەکانی" بهێنێتەوە.

وەزیرانی دەرەوەی ئەندامانی ڕێکخراوی بریکس لە 14 – 15ی مانگی پێنج لە شاری نیودەلهی لە هیندستان کۆ بوونەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عەراقچی ئیماراتی بە بەشداریکردنی ڕاستەوخۆ لە هێرشەکانی سەر ئێران تۆمەتبار کرد.

ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە بەیاننامەیەکدا وەڵامی ئێرانی دایەوە و ڕایگەیاند، ''ئەمانە هەوڵگەلێکن بۆ ڕەوایەتیدان بە هێرشە تیرۆرستییەکانی ئێرانییەکان.''

لە بەیاننامەکەدا هاتووە وەزیری دەوڵەت خەلیفە بن شاهین خەلیفە ئەلمەرار دەڵێت، ''سەرباری چارەسەرە پێشنیازکراوەکان و ئیدانە نێودەوڵەتییەکان، ئێران بەردەوامی داوە بە هێرشە تیرۆرستییەکانی خۆی بۆ سەر ئیمارات.''

هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە ئیمارات، لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان، مافی وەڵامدانەوەی هەیە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ''ئێران بەرپرسیارێتیی تەواوی هەموو ئەو هێرشە تیرۆرستییانەی لە ئەستۆ دایە.''

لە دەستپێکی هێرشی ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئێران، ئیمارات یەکێک بووە لەو وڵاتانەی کە ئێران زۆرترین هێرشی کردووەتە سەر. تەنانەت دوای ئاگربەستیش، ڕژێمی ئێران لە هێرشەکانی بۆ سەر ئیمارات بەردەوام بووە.