نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیکرد لە بڕیارەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی دادگای ڕەسافەی بەغداد بۆ سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر عەجاج تکریتی یەکێک لە تاوانبارە سەرەکییەکانی پرۆسەی ئەنفال و بە "جەللادەکەی نوگرەسەلمان" ناودێرکردووە.
عەجاج تکریتی یەکێک بووە لە بەرپرسانی زیندانی نوگرەسەلمان لە ساڵانی کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، کە بە گوێرەی گەواهیدانەکانی قوربانیان دەستی هەبووە لە کوشتنی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی بێتاوانی کورد.
بارزانی لە هەژماری تایبەتی ئێکسیدا وێڕای دەستخۆشیکردن لە تەواوی پرۆسەکە دەشڵێت " سزادانی ئەم تاوانبارە دوای چەندین ساڵ، پەیامێکی ڕوونە کە تاوانەکانی جینۆساید و دژی مرۆڤايهتى، دهرههق به گەلی کوردستان، هەرگیز کۆن نابن و دەستی دادپەروەری هەر دەگاتە تاوانباران."
بارزانی جەختیش دەکاتەوە لەوەی "پێويسته حكوومهتى عێراقى فيدراڵى ئهركى خۆى جێبهجێ بكات و قهرهبووى ماددى و مهعنهويى قوربانييانى ئهنفال بكاتهوه كه دادگاى باڵاى تاوانهكانى عێراق به جينۆسايد ناساندوويهتى. "
جینۆسایدی ئەنفال هەوڵێکی ڕژێمی بەعسی عێراق بوو بۆ سڕینەوەی کورد لە عێراقدا و بە تایبەت لەو ناوچانەی کە دەوڵەمەندن بە نەوت. لەم پرۆسەیدا دەیان هەزار هاووڵاتیی کورد بوونە قوربانی و هەزاران گوند و شار و شارۆچکە وێران کران.