فەرماندەی سێنتکۆم: ئێران تەنها 10%ی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی لەبەردەستدا ماوەتەوە

براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم بە لێژنەیەکی ئەنجومەنی سیناتی ڕاگەیاند کۆماری ئیسلامی تەنیا لەسەدا 10ی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی لەبەردەستدا ماوەتەوە.

کوپەر ئاماژەی بەوەشکرد هێزەکانی ئەمەریکا چیتر تەقەمەنی گرانبەها و ئاڵۆز بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران بەکارناهێنن.

کۆگاکانی سیستەمی چەکی گرانبەهای ئەمەریکا لەوان سیستەمی ڕێگریکردن لە مووشەکی پێشکەوتوو، لە کاتی شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا بووبووە پرسێکی مشتومڕ لەسەر لەنێو کۆمەڵگەی ئەمەریکادا. هێزەکانی ئەمەریکا بۆ بەرگریکردن لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران بەکاریان دەهێنا، بەڵام کوپەر دەڵێت ئێستا سوپای ئەمەریکا تەقەمەنی هەرزانتر بەکاردەهێنێت و چیتر پێویستی بەو چەکانە نابێت.

فەرماندەی سێنتکۆم وتی توانای کۆماری ئیسلامی بۆ هەڕەشەکردن سەر دراوسێکانی و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەمڕۆ پێنجشەممە براد کوپەر بە لیژنەکەی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە "هەڕەشەی ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە، چیتر ناتوانێت هەڕەشە لە هاوبەشە ناوچەییەکان یان ئەمەریکا بکات، کە ڕۆژێک لەڕۆژان دەیتوانی ئەوە بکات."

براد کوپەربۆ یەکەمجارە لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئێرانەوە لەبەردەم لێژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجومەنی سینات ئامادە دەبێت.

بڕیارە سیناتۆرەکان سەبارەت بە شەڕی دژی کۆماری ئیسلامی و داخستنی تەنگەی هورمز لێپرسینەوە لە کوپەر بکەن.

کوپەر وتی لە ماوەی 30 مانگی پێش ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی، گرووپە تیرۆریستییەکانی پاڵپشتیکراوی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە 350 جار هێرشیان کردووەتە سەر سەرباز و دیپلۆماتکارانی ئەمەریکا کە بە تێکڕا لە هەر سێ ڕۆژێکدا زیاتر لە یەک هێرش ئەنجام دەدەن. ئەم هێرشانە بووەتە هۆی کوژرانی چوار سەربازی ئەمەریکا و برینداربوونی نزیکەی 200 کەسی دیکە.