ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بەو ئاژانسەی ڕاگەیاندووە فڕۆکە جەنگییەکانی سعودیە لەم جەنگەی ئەمەریکا و ئێسرا ئیل لەگەڵ ئێران، چەند ئامانجیان بۆردومان کردووە کە پەیوەندییان بە میلیشیا شیعەکانی سەر بە تارانەوە هەبووە لە عێراق.
بەرپرسێکی ڕۆژئاوایی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە هێرشە ئاسمانییەکانی سعودیە بە رێگەی فڕۆکەی جەنگی بۆ سەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە نزیک سنووری باکووری وڵاتەکە لەگەڵ عێراق ئەنجامدراون. ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەشێک لە هێرشەکان هاوکاتی دەستپێکردنی ئاگربەستی نێوان ئەمەریکا و ئێران ئەنجامدراون.
ئەو بەرپرسە ڕۆژئاوایە و سەرچاوەیەکی عێراقیش ڕایانگەیاندووە فڕۆکە جەنگییەکانی سعودیە ئەو شوێنانەیان کردووەتە ئامانج کە سەرچاوەی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی بۆ سەر سعودیە و وڵاتانی دیکەی کەنداو بووە.
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی سعودیە ڕەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر هێرشەکان بدات و جەختی لەوە کردەوە ڕیاز بە دوای "کەمکردنەوەی گرژی و ململانێکاندایە لە بەرژەوەندی سەقامگیری و ئاسایش و خۆشگوزەرانی ناوچەکەدا".
هەروەها وتەبێژی کەتایبی حزبوڵایش لە عێراق ڕەتیکردووەتەوە هیچ لێدوانێک لەمبارەیەوە بدات.
هەروەها ڕۆژی سێشەممەش ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردبووە سعودیە لەکاتی شەڕی ئەم دواییەدا چەند شوێنێکی لە ئێران کردووەتە ئامانج لە کاردانەوەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر سعودیە.
ئەگەر ڕاست بێت ئەوە یەکەم جار دەبێت کە ڕیاز هێرش بکاتە سەر خاکی ئێران.
هەروەها سێ سەرچاوەی ئاگادار لەم بابەتە باسیان لە هێرشی تۆڵەسەندنەوەی هاوشێوەی ئیمارات بۆ سەر ئێران کردووە.