وەزیری جەنگ دەڵێت پلانی ئەمەریکا بۆ بەرزکردنەوەی گرژییەکان دژ بە ئێران ئامادەیە "ئەگەر پێویست بکات"

وەزیری جەنگی ئەمەریکا لە بارەی ڕژێمی ئێرانەوە ڕایدەگەیەنێت ئەمەریکا "پلانێکی هەیە بۆ بەرزکردنەوەی گرژییەکان، ئەگەر پێویست بکات."

پیت هێگسێث ڕۆژی سێشەممە لە دانیشتنێکی کۆنگرێسدا ئەمەی بە نوێنەرانی ئەمەریکا ڕاگەیاند، ڕۆژێک دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ گوتی ئاگربەست لە "سەرەمەرگدایە" و دوایین پێشنیاری ڕژێمی ئێرانی بۆ ڕێککەوتن بە "زبڵ" ناوبرد.

پیت هێگسێث ڕایگەیاند، "پلانێکمان هەیە بۆ بەرزکردنەوەی گرژییەکان ئەگەر پێویست بکات، پلانێکمان هەیە بۆ شوێنگۆڕکێی هێزەکان ئەگەر پێویست بکات و پلانمان هەیە بۆ شوێنگۆڕكێی کەرەسەتەکان."

وەزیری جەنگ سەرەڕای ئامادەییەکان، جەختی کردەوە لە بەردەوامی گفتوگۆکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دیپلۆماسی و گوتی نەهێشتنی توانای ئێران بۆ گەیشتن بە چەکی ناوەکی چەقی داواکارییەکانی ئەمەریکایە.

ڕایگەیاند، "لە هەموو بەشێکی ئەو ناکۆکییە سەرکەوتنمان بەدەست هێناوە. ئێران ئەمە دەزانێت، بە پشتبەستن بەو لەناوچونە بێ وێنەیە لە تواناکانیاندا. لەبەر ئەم هۆکارەیە ئەوان ئامادەن بێنە سەر مێزی دانوستانەکان و ئەمەش بە جێبەجێکردنی مەرجەکانی ئێمە، مەرجەکانی سەرۆک ترامپ، کۆتایی پێ دێت و ئێمە هەموو چەک و تەقەمەنی و توانایەکی پێویستمان لەبەردەستدایە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە."

دانیشتنەکە لەگەڵ وەزیری جەنگ لە کاتێکدایە ئیدارەی دۆناڵد ترامپ داوای لە کۆنگرێس کردووە بودجەی هێزی سەربازی ئەمەریکا بۆ ساڵی 2027 بەرزبکاتەوە بۆ یەک ترلیۆن و نیو دۆلار.

لە دانیشتنەکەدا ئەندامانی کۆنگرێس داوایان لە وەزارەتی جەنگ کرد دوایین ئاماری خەرجی ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە ڕژێمی ئێران ئاشکرا بکات.

جوڵس هێرست، بەرپرسی دارایی پنتاگۆن، بە نوێنەرانی گوت خەمڵاندنی خەرجی شەڕەکە نزیکبووەتەوە لە 29 ملیار دۆلار.