کۆماری ئیسلامی ئێران گەنجێکی دیکە لەسێدارە دەدات

دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە 12ی مانگی پێنج ڕایگەیاند زیندانییەکی دیکەی بە ناوی عەبدولجەلیل شەبەخش لەسێدارە داوە.

دەزگای فەرمی دەسەڵاتی دادوەری ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات عەبدولجەلیل شەبەخش ئەندامی تاقمی "ئەنسار الفورقان" بووە و تۆمەتبار کراوە بە یاخیبوون لە ڕێگەی هێرشی چەکدارییەوە بۆ سەر بارەگاکانی حکومەت.

ئاژانسی میزان کە سەر بە دەزگای دادوەری ئێرانە، نووسیویەتی بەڵگەنامەکانی دۆسیەکە لەوانە فایلە دەنگییەکانی دەرهێنراو لە ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی زیندانییەکە و "دانپێدانانەکانی" لە قۆناغی لێپرسینەوەدا، بنەمای دەرکردنی سزای لەسێدارەدانی ناوبراو بووە.

ئەنسارولفورقان گرووپێکی دژبەری حکوومەتی ئێرانە لە سیستان و بەلووچستان کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە گرووپێکی میلیشیای تیرۆریستی" ناوی دەبات.

هەنگاو نووسیویەتی عەبدولجەلیل شەبەخش، زیندانی سیاسی بەلووچ خەڵکی ناوچەی تەفتانە لە سیستان و بەلووچستان و لە کاتی شەڕی 40 ڕۆژەی ئێران، ئیسرائیل و ئەمەریکا دەستبەسەر کراوە و بە شێوەیەکی نهێنی سزا دراوە و سزاکەشی لە زیندانی ناوەندیی زاهیدان جێبەجێکراوە. دەشڵێت هیچ زانیارییەکی ورد لەبارەی وردەکارییەکانی دۆسیەی ئەم زیندانییە سیاسییە لەبەردەستدا نییە و تەنها دوای کەمتر لە دوو مانگ لە دەستگیرکردنی بە تۆمەتی یاخیبوون لە ڕێگەی گروپی ئەنسارولفورقان و سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل لە سێدارە دراوە.

لە دوای هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کۆماری ئیسلامی ژمارەی لەسێدارەدانەکانی زیاد کردووە و لە هەندێک ڕۆژدا چەند کەسێک لە سێدارە دەدەن.

بەپێی ڕاپۆرتێکی هاوبەشی ڕێکخراوی "مافی مرۆڤی ئێران" کە بنکەکەی لە نۆروێژە و ڕێکخراوی "پێکەوە دژی سزای لەسێدارەدان" کە بنکەکەی لە پاریسە، ئێران لانیکەم 1639 کەسی لە ساڵی 2025دا لەسێدارە داوە.