لینزی گراهام، سیناتۆری باڵای کۆمارییەکان لە کاردانەوە بە ڕاپۆرتێکی سی بی ئێس نیوز سەبارەت بە گواستنەوەی ژمارەیەک فڕۆکەی سەربازی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پاکستان، لە هەژماری خۆی لە تۆری ئێکس نووسیویەتی "ئەگەر ئەم ڕاپۆرتە ڕاست بێت، پێویستە هەڵسەنگاندنێکی تەواو بکرێت بۆ ئەو ڕۆڵەی کە پاکستان وەک ناوبژیوانێک لە نێوان ئێران و ئەمەریکا و ئەوانی دیکەدا دەیگێڕێت."
گراهام لە درێژەی نووسینەکەیدا دەشلێت "بە لەبەرچاوگرتنی هەندێک لە لێدوانەکانی پێشووی بەرپرسانی بەرگری پاکستان بەرامبەر بە ئیسرائیل، سەرم سوڕنابێت ئەگەر ئەمە ڕاست بێت."
سی بی ئێس نیوز لە ڕاپۆرتێکدا بە پشتبەستن بە قسەی بەرپرسانی ئەمەریکا بڵاویکردووەتەوە ئێران ژمارەیەک لە فڕۆکە سەربازییەکانی ڕەوانەی بنکەی ئاسمانی نورخان لە پاکستان کردووە، هەروەها چەندین فڕۆکەی مەدەنی ڕەوانەی ئەفغانستان کردووە بۆ پاراستنیان لە زیانەکانی شەڕ و هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل.
ئەو بەرپرسانە بە سی بی ئێس نیوزیان راگەیاندووە لە کاتێکدا پاکستان خۆی وەک کەناڵێکی دیپلۆماسی لەنێوان تاران و واشنتن جێگیرکردووە، هاوکات بە بێدەنگی ڕێگەی بە فڕۆکە سەربازییەکانی ئێران داوە لە فڕۆکەخانەکانی خۆی بنیشنەوە بۆ ئەوەی لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا بیانپارێزێت.
دوو لەو بەرپرسانە بە کەناڵی سی بی ئێسیان وتووە کە دیار نییە فڕۆکەی سەربازیش ڕەوانەی ئەفغانستان کراون یان نا.
لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی تاڵیبان ڕاگەیاندووە، فڕۆکەیەکی مەدەنی ئێرانی سەر بە کۆمپانیای ماهان ئەیر کەمێک پێش دەستپێکردنی شەڕ لە کابول نیشتووەتەوە، بەڵام دوای داخستنی ئاسمانی ئێران لە فڕۆکەخانەی کابول ماوەتەوە.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکردووە کاتێک پاکستان لە مانگی سێ هێرشی ئاسمانی بۆ سەر کابول دەستپێکرد، بەرپرسانی فڕۆکەوانی مەدەنی تاڵیبان بڕیاریاندا بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانەوە، فڕۆکەکە بگوازنەوە بۆ فڕۆکەخانەی هێرات لە نزیک سنووری ئێران و وتی ئەوە تاکە فڕۆکەی ئێرانی بووە کە لە ئەفغانستان مابێتەوە.
بەرپرسانی ئەمریکا کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، بە کەناڵی سی بی ئێسیان ڕاگەیاندووە دوای چەند ڕۆژێک لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست، تاران چەند فڕۆکەیەکی بۆ بنکەی نورخان لە پاکستان گواستوەتەوە.
بەڵام بەرپرسێکی باڵای پاکستان ئەو بانگەشانەی سەبارەت بە بنکەی ئاسمانی نورخان ڕەتکردووەتەوە و بە سی بی ئێس نیوزی ڕاگەیاندووە بنکەی نورخان دەکەوێتە ناوەڕاستی شارەکەوە و ژمارەیەکی زۆر فڕۆکە لەبەر چاوی خەڵک تێیدا ناشاردرێتەوە.