ئەمەریکا سزای نوێی بە سەر تۆڕێکی پەیوەست بە سوپای پاسداران و نەوتی ئێرانەوە دەسەپێنێت

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە درێژەی هەڵمەتی "توڕەیی ئابووری" دژی تاران، سزای نوێی دەخاتە سەر تۆڕێکی دارایی کە پشتیوانی لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێک کە لە ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی خەزێنە بڵاوکراوەتەوە، واشنتن 3 کەس و 9 کۆمپانیا بۆ لیستی سزاکانی زیاد کردووە.

لە لیستی سزاکاندا ناوی چوار کۆمپانیای تێدایە کە لە هۆنگ کۆنگدان و بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن "ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە ئاسانکاریی بۆ گواستنەوەی پارە و دەربازبوون لە سزا نەوتییەکانی ئێران لە بازاڕەکانی ئاسیادا."

هەروەها وەزارەتەکە دەڵێت محەمەد ڕەزا ئەشرەفی، سەمەد فەتحی سەلامی و ئەحمەد محەمەدی زادە بەهۆی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سوپای پاسداران سزایان بەسەردا سەپێنراوە.

چوار کۆمپانیا کە بنکەکانیان لە ئیماراتە و یەک کۆمپانیاش لە عومان سزا دراون.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا، ئەو کەس و کۆمپانیایانە ئاسانکارییان بۆ گواستنەوەی نەوتی ئێران بۆ چین کردووە.

بەرپرسانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا پێشتر جەختیان لەوە کردبووەوە بە هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانە ناوچەییەکان بەدواداچوون بۆ سەروەت و سامانی سوپای پاسداران دەکەن لە بانکە نێودەوڵەتییەکاندا.