بەریتانیا سزا دەخاتە سەر چەند کەس و لایەنێکی پەیوەندیدار بە ئێرانەوە

حکومەتی بەریتانیا ڕۆژی دووشەممە 11ی مانگی پێنج سزای بەسەر 12 کەسایەتی و قەوارەی پەیوەندیدار بە حکومەتی ئێرانەوە سەپاند.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز ئەو کەسانە تۆمەتبارکراون بەوەی چالاکیان لە دژی بەریتانیا و چەند وڵاتێکی دیکە هەبووە.

بەیاننامەیەکی فەرمی حکومەتی بەریتانیا باس لەوە دەکات کە چالاکییەکانی ئەو لایەنانە بریتی بوون لە "پلاندانان بۆ هێرشکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری دارایی بۆ ئەو گروپانەی کە هەوڵی تێکدانی سەقامگیری بەریتانیا و وڵاتانی دیکە دەدەن".

سزاکان لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە بریتی دەبێت لە بەستنی سەروەت و سامان و حسابی ئەو کەسانە و قەدەغەکردنی گەشتکردنیان بۆ ئەو وڵاتە.

لە چەند مانگی ڕابردوودا قسە و باس لەسەر ئەگەری پشتیوانیکردنی تاران لە هێرشەکانی دژە جووەکان لە بەریتانیا هاتە ئاراوە.

لە هەمان کاتدا گرووپێکی ئیسلامی کە گومانی پێوەندی لەگەڵ ئێراندا هەیە، بە ناوی( حركة أصحاب اليمين الإسلامية) بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشانە و هێرشە هاوشێوەکان لە چەند وڵاتێکی ئەورووپایی لە ئەستۆ گرتووە.