عەراقچی و وەزیری دەرەوەی سعودیە جارێکی دیکە تاوتوێی دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکا دەکەن

عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە ئەمڕۆ دووشەممە بۆ دووەمجار لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بە پرۆسەی دیپلۆماسی نێوان تاران و واشنتن بە نێوەندگیری پاکستان قسەیان کرد.

بە پێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی مێهر، جگە لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، هەردوولا سەبارەت بە پرۆسەی دیپلۆماسی ئێستای ئێران و ئەمەریکا بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کردووە. هیچ وردەکارییەکی زیاتر لەسەر ناوەڕۆکی گفتوگۆکە بڵاونەکراوەتەوە.

ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە سعودیە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی دژی ئیمارات و قەتەر و کوێت سەرکۆنە کردبوو.

عەرەب نیوز لە زاری وەزارەتی دەرەوەی سعودیەوە بڵاویکردبووە ڕیاز بە شەرمەزارکردنی ئەو هێرشانە پشتیوانی لە هەموو ئەو کارانە دەکات کە وڵاتانی کەنداو بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییان ئەنجامی دەدەن.

هەروەها عەرەبستان خوازیاری ڕاگرتنی خێرای هێرشەکان بۆ سەر خاک و ئاوەکانی وڵاتانی کەنداو و هەر هەوڵێک بۆ داخستنی تەنگەی هورمز یان پەکخستنی ڕێڕەوی کەشتیوانی نێودەوڵەتی بوو.