سەرۆک ترامپ: لە ئێراندا ئامانجی دیکە ماون کە دەتوانین هێرشیان بکەینە سەر

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ئێران کۆتایی پێنەهاتووە و سوپای ئەمەریکا دەتوانێت ئامانجی دیکە لە نێو ئەو وڵاتەدا بپێکێت.

دۆناڵد ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پێشکەشکاری ئەمەریکا شێریڵ ئەتکیسۆن کە هەفتەی ڕابردوو تۆمارکراوە و ئەمڕۆ یەکشەممە پەخشکرا، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا ئۆپەراسیۆنی دژ بە ئێران کۆتایی پێهاتووە، وتی "نەخێر، من ئەوەم نەوتووە، وتوومە شکستیانهێناوە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە کە تەواو بووە، دەتوانین بۆ ماوەی دوو هەفتەی دیکە بچینەوە و یەک بەیەکی ئامانجەکان بپێکین ."

سەرۆک ترامپ وتی لە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمەریکا و ئیسرائیلدا "پێدەچێت لەسەدا 70"ی ئامانجەکان لەناو برابن و ئاماژەی بەوەشکرد "ئامانجی دیکەمان هەیە کە پێدەچێت بتوانین هێرشیان بۆ بکەین. بەڵام ئەگەر نەیشیکەین، ساڵانێکی زۆری دەوێت تا دووبارە بنیاتی بنێنەوە."

شەڕی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژی ئێران کە لە 28ی مانگی دوو دەستیپێکرد، دوای 40 ڕۆژ بە ئاگربەست ڕاگیرا و تاران و واشنتنیش دانوستاندن لەسەر ڕێککەوتنێک دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ شێریل ئەتیکیسۆن، سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها سەبارەت بە یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران کە لە قووڵایی زەویدایە، وتی "ئێمە لە کات و ساتی خۆیدا بەدەستی دەهێنین...لە ژێر چاودێریدایە."

ترامپ وتیشی "شتێکم دروستکردووە بەناوی هێزی واڵایی ئاسمان و ئەوان ئەو شوێنەکەیان خستووەتە ژێر چاودێرییەوە و ئەگەر کەسێک لەو شوێنە نزیک بێتەوە، ئەوا دەزانین و لەناویان دەبەین."

سەرۆک ترامپ چەندین جارڕایگەیاندووە کە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێراندا دەبێت ڕادەستکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێرانیش بە ئەمەریکا لەخۆ بگرێت. تاران تا ئیستا داواکارییەکی لەم شێوەیەی ڕەتکردووەتەوە.