ڕاپرسییەک: ئەمەریکاییەکان ڕێگریکردن لە ئێران بۆ بەدەستهێنانی ناوکی لە کۆتاییهاتنی خێرای ململانێکان بە گرنگتر دەزانن

ئەنجامی ڕاپرسییەکی نوێی ناپۆلیتان نیوز، کە سەرۆک دۆناڵد ترامپ لە تۆڕی تروث سۆشیەڵی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە، پیشان دەدات زۆرینەی دەنگدەران لە ئەمەریکا پێیانوایە بەجێهێنانی ئامانجە سەرەکییەکانی ئەمەریکا بەرامبەر بە ئێران لەو گرنگترە کە ململانێکە بە خێرایی کۆتایی پێبێت.

سەرۆک ترامپ لەگەڵ هاوپێچی ڕاپرسییەکەدا دەڵێت "زۆر گرنگە. ئەمە بۆچوونی هاووڵاتیانە. "

بەپێی ئەم ڕاپرسییە، 53 لە سەدی دەنگدەران وتوویانە گرنگترە ڕێگری لە بەدەستهێنانی چەکی ناوکی ئێران بکرێت تا ئەوەی شەڕ و ئاڵۆزییەکان بە زووترین کات بوەستێندرێن. هەروەها 60 لە سەدیان پێیان وایە ڕێگەگرتن لە بەرنامەی ناوەکی ئێران گرنگترە لە پاراستنی نرخەکانی وزە و نەوت لە ناوخۆی ئەمەریکادا.

سکۆت ڕاسموسن، ئەو توێژەرەی ڕاپرسییەکەی ئەنجامداوە، دەڵێت "خەڵک متمانەیان بە ڕژێمی ئێران نییە. ئەوان نایانەوێت بەڵێنی ناڕوون و فێڵبازانە ببیستن." دەشڵێت "زۆر کەم لە ئەمەریکاییەکان بڕوایان بەوەیە ئێران بەڵێنی خۆی بپارێزێت ئەگەر بڵێت تەنها بۆ مەبەستی مەدەنی توانای ناوەکی پەرەپێدەدات. خەڵک دەیانەوێت ئەو توانایە بە تەواوی لاببرێت."

ڕاپرسییەکە هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە هەڵوێستی گشتی لەبارەی هاوپەیمانی ناتۆش لە گۆڕاندایە. بەپێی ئەنجامەکان، تەنها 38 لە سەدی دەنگدەران پێیان وایە ئەمەریکا دەبێت بەرگری لە ناتۆ بکات ئەگەر هێرش بکرێتە سەری، لە کاتێکدا 32 لە سەدیان داوای جێهێشتنی ئەو هاوپەیمانییە دەکەن.