بەریتانیا کەشتی جەنگی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

بەریتانیا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کەشتی جەنگی HMS Dragon ی خۆی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری هەوڵێکی فرەنەتەوەیی بە مەبەستی پاراستنی هاتوچۆی دەریایی لە تەنگەی هورمز هەرکاتێک کە بارودۆخەکە لەباربێت.

کەشتی جەنگیHMS Dragon ی دژە ئاسمانی، لە مانگی سێدا ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کرا بە مەبەستی یارمەتیدان لە پاراستنی قوبرس، ماوەیەکی کەم پاش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە ڕژێمی ئێران.

گواستنەوەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای هەنگاوێکی فەرەنسا دێت بۆ جێگیرکردنی گرووپی کەشتی جەنگی فڕۆکەهەڵگر بۆ باشووری دەریای سوور، لەکاتێکدا هەردوو وڵات پێکەوە کاردەکەن لەسەر پلانێکی بەرگری کە ئامانج لێی گەڕاندنەوەی متمانەیە بۆ ڕێڕەوی بازرگانی.

وتەبێژێکی وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ڕایگەیاند جێگیرکردنی پێشوەختەیHMS Dragon بەشێکە لە پلاندانانی ورد کە دڵنیای دەدات لەوەی بەریتانیا ئامادەیە، وەک بەشێک لە هاوپەیمانییەکی فرەنەتەوەیی کاربکات کاتێک بارودۆخەکە لەباربێت.

لە کاتێکدا لە ئێستادا ئەمەریکا چاوەڕوانی وەڵامدانەوەی ئێران دەکات بۆ مەرجەکانی کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە لەشکرییەکەی دژ بە کۆماری ئیسلامی، فەرەنسا و بەریتانیا کار لەسەر پێشنیارێک دەکەن بۆ دانانی زەمینەسازی بۆ هاتوچۆی پارێزراو لە ڕێگەی تەنگەی هورمز پاش سەقامگیربوونی دۆخەکە.

پلانەکە پێویستی بە هەماهەنگی لەگەڵ ئێران دەبێت و دەیان وڵاتیش ئاماژەیان بە ئامادەیی بەشداریکردن کردووە.