ڕژێمی ئێران موڵک وماڵی هاووڵاتیە ناڕازیەکان داگیر دەکات

لە ڕاگەیەنراوێکی نوێدا، دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕایگەیاند تا ئێستا دەستی بەسەر 262 ماڵ و موڵکی هاووڵاتیان لە ناوچە جیاوازەکانی ئێراندا گرتووە.

بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوە، ئەم موڵکانە هی ئەو هاووڵاتیانەن کە لەلایەن دەسەڵاتەوە تۆمەتی سیاسیان خراوەتە پاڵ.

دەزگای دادوەری ئێران، ئەو کەسانەی کە موڵکەکانیان داگیرکراوە بە "خائین و بەکرێگیراو" ناودێر کردووە و دەڵێت زۆرترین ئەم موڵکانە لە پارێزگاکانی تاران، گیلان، ئەلبورز، مازەندەران و ئیسفەهان تۆمار کراون.

چاودێران دەڵێن سیاسەتی دەستبەسەرداگرتنی سامانی هاووڵاتیان، چ لە ناوخۆی وڵات و چ لە دەرەوە، بەشێکە لە هەوڵەکانی ڕژێم بۆ ترساندن و کپکردنی نارەزایەتییەکان. دوای خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانە، دەسەڵات زۆرجار پشت بە گوشاری ئابووری و یاسایی دەبەستێت بۆ سەپاندنی کۆنترۆڵ بەسەر ناڕەزایەتییەکاندا.

چالاکوانانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن ئەم هەنگاوانە تەنها سەرپێچییەکی ئاشکرا لە مافی تایبەتمەندی و موڵکداریی هاووڵاتیاندا نییە، بەڵکوو ئامرازێکیشە بۆ زیادکردنی ترس و فشار لەسەر خێزان و نزیکەکانی ئەو کەسانەش کە ڕەخنە لە حکومەت دەگرن یان لە دەرەوەی وڵات چالاکی سیاسی دەکەن.

دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە دەستی بەسەر ماڵ و موڵکی خەڵکدا گرتووە، بە یەکێک لە سەرەکیترین دامودەزگاکانی ڕژێم بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتی و بەرهەڵستان دادەنرێت.