روبیۆ دەڵێت ئەمەریکا پێشبینی دەکات ئێران لە کۆتایی ئەمڕۆ وەڵامی پێشنیارێکی ڕێککەوتن بداتەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایدەگەینێت چاوەڕوانی هەیە ڕژێمی ئێران لە کۆتایی ئەمڕۆدا وەڵامی کۆتا پێشنیازێکی ئەمەریکا بداتەوە لە پێناو کۆتاییهاتنی جەنگ لە کەنداودا.

وەزیری دەرەوەمارکۆ روبیۆ ڕۆژی هەینی لە ڕۆما بە ڕۆژنامەوانانی گوت، ''دەبێت ئەمڕۆ شتێکمان گوێ لێ بێت."

روبیۆ گوتیشی، ''پێشبینی وەڵامەکەیان هەر لە ئەمڕۆدا دەکەین.... هیوادارین کە وەڵامەکەیان بە جۆرێک بێت کە بمانخاتە سەر شاڕێی گفتوگۆکانەوە."

ئەمە لەکاتێکدایە لەم دواییەدا چەند پێکدادانێک تۆمار کراون و ئیماراتیش ڕایگەیاند جارێکی دیکە کەوتووەتەوە بەر پەلاماری ڕژێمی ئێران.

سەرباری پێکدادانەکان، سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ جەخت دەکاتەوە ئاگربەست شکستی نەهیناوە و گفتوگۆکان لەگەڵ ڕژێمی ئێران بەردەوامن بۆ ڕێککەوتن.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش ڕایگەیاند هێشتا دوایین پێشنیاری ئەمەریکا هەڵ دەسەنگێنن.

لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا چەند پێکدادانێک لە نێوان هێزەکانی ڕژێمی ئێران و کەشتییە جەنگییەکانی ئەمەریکا لە گەرووی هورمز تۆمار کران.

سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند ڕێگرییان لە دوو کەشتیی دیکەی پەیوەندیدار بە ئێران کردووە.
سەرۆک ترامپ هەروەها ڕایگەیاندووە سێ کەشتیی جەنگیی ئەمەریکایی بە ئامانج گیراون لە کاتێکدا کە لەناو گەرووەکەدا لە هاتوچۆدا بوون.

سوپای ئەمریکا وەڵامی هێرشەکانی داوەتەوە و مەترسییەکانی لەناوبردووە.

ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروث ڕایگەیاند، ''سێ تێکشکێنەری ئەمەریکایی ئاستبەرز لە ژێر هێرشدا گەرووەکەیان تێ پەڕاند، زۆر بە سەرکەوتووانە. هیچ زیانێکیان پێ نەگەییشت، بەڵام هێرشبەرە ئێرانییەکان زیانی زۆریان پێ گەیشت."

سەرۆکی ئەمەریکا دواتر بە ڕۆژنامەوانانی گوت ئاگربەست بەردەوامە و هۆکارێک بووە بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان. لە واشنتۆنەوە گوتی ''شتێکی بچووکیان کرد، بەڵام ئێمە وێرانمان کردن."