نوێنەری پەرلەمانی ئێران: هەرێمی کوردستان و ئیمارات وەکو بنکەی دوژمن دەبینین

عەلی خزریان، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە مەجلیسی شورای ئیسلامی ئێران، شەوی پێنجشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا بە تەلەفزیۆنی ئەو وڵاتەی وتووە لە ئاراستەی نوێی سیاسەتی دەرەوە و سەربازی ئێراندا هەرێمی کوردستان و ئیمارات وەک "بنکەیەکی دوژمن" دەبینین و هەڕەشەی کرد کە هەر کاتێک بەپێویستی بزانن دەتوانن هێرشی "پێشگیرانەیان" بکەنە سەر.

چاودێران دەڵێن ئەو هەڕەشە راستەوخۆیەی عەلی خزریان، ئەندامی پەرلەمانی ئێران، لە تەلەڤزیۆنی فەرمی ئەو وڵاتەدا تەنها قسەیەکی سیاسیی ئاسایی نییە؛ بەڵکو بەشێکە لە ڕەفتاری هەرچی زیاتر توند و هەژموونخوازانەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا و بووەتە هۆی ساز بوونی نیگەرانی جیددی سەبارەت بە ئاسایشی ئەو ناوچەیە.

هەرێمی کوردستان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەردەوام ئامانجی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران بووە، کە بوونەتە هۆی کوژرانی دەیان کەس.

لە ساڵی 2024 و لە یەکێک لەو هێرشانە، ماڵی بارزگانی کورد پیشرەو دزەیی لە هەولێر کرایە ئامانج و لە ئاکامدا ئەو بازرگانە لەگەڵ کچە تەمەن سێ ساڵەکەی کوژران.

دکتور فاتح سەعیدی مامۆستای زانستە سیاسیەکان لە زانکۆی تەکساسی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا، لە لێدوانێک بۆ دەنگی ئەمەریکا ویڕای ئاماژە بەوەی کە دوژمنکاری ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان و وڵاتانی عەرەبی ڕەگی لە ناسیۆناڵیزمی ئێرانیدا هەیە، وتی کە لەم چەند ساڵەی رابردوودا و بە مەبەستی خۆدەربازکردن لە گەمارۆکانی ئەمەریکا، ئێران پێویستی بە هەرێم و ئیمارات بووە، هەر بۆیە لە رواڵەتدا دوژمنکاریەکانی خۆی شاردووەتەوە.

سەعیدی دەڵێت دوژمنکاری ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە ناسیۆناڵیزمی ئێرانی، "کورد تەنیا وەک قەومێکی کولتووری قبوڵ دەکات بە مەرجێک ویستی سەرەوەریی سیاسیی نەبێت. لە ئیستادا چ حکومەتی هەرێم چ حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ویستی سەرەوەریی سیاسییان بۆ نەتەوەی کورد هەیە."

سەعیدی دەشڵێت ئەو دوژمنکارییە کاتی نیە و درێژخایەنە هەر بۆیە "لە کاتی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2017، خامنەیی باوک بەئاشکرا وتی کوردەکان دەیانەوێت ئیسرائیلی دووهەم لە ناوچەکەدا ساز بکەن."

لە هەمان کاتدا، ئاڵۆزیی نێوان ئێران و ئیمارات زیاد بووە. هەرچەندە هەندێک پەیوەندیی ئابووری لە نێوان هەردوو وڵاتەکەدا ماوەتەوە، بەڵام دەوڵەتی ئیمارات چەندین جار لەلایەن ئێران و گرووپە هاوپەیمانەکانیەوە هەڕەشەی لێ کراوە و کراوەتە ئامانج. زۆرێک لە شیکەرەوانی ناوچەیی پێیان وایە کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دەوڵەتانی کەنداو زیاتر وەک لایەنێکی ناڕاستەوخۆی ململانێی هەژموونی ناوچەیی دەبینێت، نەک وەک هاوسێی ئاسایی.

مووسا شەریفی، رۆژنامەوان و لێکۆڵەری جیهانی عەرەب لە ریاز لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند کێشەی ئێران لەگەل ئیمارات بۆ بەر لەم شەڕە دەگەڕێتەوە.

مووسا شەریفی ئاماژەی دەکات ئیمارات هەمیشە وەک نموونەیێک بووە کە لە رێگەی بەراورد لەگەڵ ئەو وڵاتە، هاوڵاتیانی ئێران زانیویانە کە وڵاتەکەیان تاچەند دوا کەوتووە. ئەو بە ئاماژە بە بورج و بینا بەرزەکانی ئیمارات دەڵێت، "ئەو پێشکەوتنە هەمووکات بەرپرسانی ئێرانی تووڕە کردووە و چەندین جار موحسێن رەزایی فرماندەی پیشووتری سوپای پاسداران و خودی خامنەیی رێبەری کوژراوی ئە وڵاتە هەڕەشەیان کردووە کە ئەو بورجانە بە مووشەک دەکەنە ئامانج."

مووسا شەریفی هەروەها دەڵێت بڕیاری ئیمارات بۆ چوونە دەرەوە لە ئۆپێک بەرپرسانی ئێرانی زیاتر تووڕە کردووە.

هەڕەشەکانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و ئیمارات هاوکاتن لەگەڵ گفتوگۆ و باس لەسەر ئەگەری ڕێککەوتنێک لەنێوان واشنتن و تاران. ئەم پێشهاتە زۆرێک لە چاودێران لە وڵاتانی ناوچەکەی نیگەران کردووە ئەگەر ئێران بگاتە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمەریکا کە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی فشارە ئابووری و سیاسی و سەربازییەکان لەسەری، ئەوا ڕژێمەکە زیاتر هەست بە هێز و دڵنیایی بکات و بە شێوەیەکی توندتر هەوڵی سەپاندنی هەژموونی خۆی لە ناوچەکە بدات.

ڕۆبەرت دیتز، راوێژکاری باڵای پیشووی سەرۆکی سی ئای ئەی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ئێران توانای ئەوەی نیە کە ئەمەریکا راستەوخۆ بکاتە ئامانج بۆیە زیاتر هێرشەکانی ئاراستەی بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا دەکات.

دیتز جەختی کردەوە لەوەی ئەگەر ئەمەریکا لەگەڵ ئێران رێککەوتن بکات، دۆخی ئەم وڵاتانە زۆر پەیوەندی بەوە دەبێت کە ئایا باسی ئەو وڵاتانە و ئاسایشیان لەو رێککەوتنەدا کراوە یان نا؟ ئەو زیادی کرد کە ئەو خاڵانەی کە لە میدیادا بوونیان هەیە لە راستیدا شتی وایان تێدا بەدی ناکرێت.

بۆ زۆرێک لە خەڵکی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی کەنداو، نیگەرانیی سەرەکی تەنها پەیوەندیدار بە بەرنامەی ناوەکی ئێران نییە؛ بەڵکو ترس لەوە هەیە ئەگەر فشارە نێودەوڵەتییەکان کەم ببنەوە، کۆماری ئیسلامی زیاتر هەست بە ئازادی و توانایی بۆ هێرشکردن و گوشارخستنە سەر ئەو لایەنانە بکات کە بە خاڵی لاواز لە هاوسەنگی هێزی ناوچەیی دەیانبینێت. لەو چوارچێوەیەدا، هەڕەشەی هێرشی پێشگیرانە دژی هەرێمی کوردستان یان ئیمارات تەنها وەک وتاری سیاسی نابینرێت، بەڵکو وەک بەشێک لە ئاراستەیەک دێتە بەرچاو کە پشت بە ترساندن و بەکار هێنانی هێز دەبەستێت.

لە کۆتاییدا، مشتومڕ لەسەر ڕۆڵی ئێران لە ناوچەکەدا تەنها بە بەرنامەی ناوەکییەوە سنووردار نییە. ئەمڕۆ زۆرێک لە لایەنە ناوچەییەکان پرسیارێکی گەورە دەکەن: ئەگەر تاران لە کاتێکدا کە لە ژێر گوشار و سزای گەورەدایە ئامادەی بەکاربردنی هێز دژی هاوسێکانییەتی، ئەوا ئەگەر هەست بکات دوای ڕێککەوتنێکی گەورە لەگەڵ ڕۆژئاوا بەهێزتر و دەستئاوەڵاتر بووە، لە حاڵەتێکی وەهادا چی ڕوودەدات؟