مارکۆ ڕوبیۆ پشتیوانی هاوپەیمانانی ناتۆ لە ئێران دەخاتە ژێر پرسیارەوە

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی ڕەخنەی توندی لە هاوپەیمانی ناتۆ گرت و گوتی هەنێک لە وڵاتی ئەوروپایی لە میانی دۆخێکی نائاساییدا ڕیگەیان نەداوە بە ئەمەریکا بنکە سەربازییەکانیان بەکاربهێنێت.

پاش کۆبونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیتالیا جۆرجیا مێلۆنی، ڕوبیۆ لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێران پرسیاری ئەوەی کرد کە بۆچی هاوپەیمانان پشتگیری لە هەوڵەکانی واشنتۆن ناکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و کردنەوەی تەنگەی هورمز.

ڕوبیۆ گوتیشی پێویستیان بە "شتێک زیاترە لە تەنها لێدوانی وشەی توند" دژ بە کردەوەکانی ئێران.

گوتیشی ''یەکێک لە سوودەکانی ناتۆ بۆ ئێمە ئەوە بووە کە دەمانتوانی هێزەکانمان لە ئەورووپاشدا ئەرکدار بکەین''.

لە درێژەی قسەکانیدا وڵاتی ئیسپانیای وەک نمونە هێنایەوە و گوتی "ئێمە لە بارێکی نائاساییدا بووین و هەندێک وڵاتی ئەوروپا، بۆ نمونە ئیسپانیا، بەکارهێنانی ئەو بنکانەیان بۆ ڕوداوێکی زۆر گرنگ ڕەتکردەوە، کە لە هەندێک ڕووەوە، ڕەتکردنەویە بەکارهێنانی ئەو بنکانە لە ڕاستیدا ڕێگری لە ئەرکەکە کرد."

هەروەها، ڕۆبیۆ ئاماژەشی بەوە دا کە ئەم ڕەفتارەی بەشێک لە ئەورووپاییەکان هەندێک مەترسیی ناپێویستی بۆ هێزەکانمان دروست کردووە.

ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەوروپایی لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە لەشکرییەکەی ئەمەریکا دژ بە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕێگەیان نەدا ئەمەریکا بنکە ئاسمانییەکانیان بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە بەکار بهێنێت.

بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ناڕەزاییی خۆیان بەرامبەر ئەو بڕیارانەی بەشێک لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ دەربڕی و سەرۆک ترامپیش لەم بارەیەوە هۆشداریی بە ئەورووپاییەکان داوە.