ئەمەریکا و وڵاتانی کەنداو داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەکەن ڕەفتارەکانی ئێران لە گەرووی هورمز ڕابگرێت

باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوتاکانی لە وڵاتانی کەنداو ڕشنوسی بڕیارنامەیەکی هاوبەشیان پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایش کرد بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و داوایان لە ئەنجوومەنەکە کرد ڕێگری لە "پێشێلکاریە ئاشکراکانی" ئێران بکرێت.

باڵیۆزی ئەمەریکا مایک واڵتز ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئێران دەبێت هێرشکردنە سەر کەشتیوانییە بازرگانییەکان ڕابگرێت، مینڕێژکردن ڕابگرێت، ئەو مینانە لاببات کە خستونیەتە ناو ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان، وەرگرتنی گومرگی نایاسایی لە گەرووی هورمز بوەستێنێت و ڕێگە بە نەتەوەیەکگرتووەکان بدات لەو ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەوە هاوکاری ژیانپارێزی دابین بکات."

مایک واڵتز ئاماژەی دا بەوەی پێشکەشکردنی ڕەشنوسی بڕیارنامەکە بریتییە لە دابینکردنی "هەلێکی تر" بە ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ بەرزڕاگرتنی ئەو بنەما سەرەکیە نێودەڵەتییانەی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە پێشێل کراون.

گوتی، "ئێستا کاتی هەڵبژاردنە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشەوە؛ ئایا وڵاتانی ئەندام پاڵپشتی ڕژێمێک دەکەن کە کوشتاری خەڵکی خۆی دەکات و ستەم لە دراوسێکانی دەکات و ئابووری جیهان دەخنکێنێت یاخود پاڵپشتی شارە درەوشاوەکان دەکات، وەک مەنامە و شاری کوەیت و دوبەی و ڕیاز و دۆحەو ئەو خەڵکەی کە هەوڵی باشترین دەدەن هەر بۆ خۆیان نا بەڵکو بۆ تەواوی ناوچەکە و جیهانیش."

باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان مایک واڵتز

حکومەتی ئەمەریکا دەڵێت هەڵسوکەوتەکانی ئێران لە گەرووی هورمز دەچنە خانەی بەبارمتەگرتنی وزەی جیهانەوە. بۆ ڕێگری لە بەردەوامی ئەم ڕەفتارانەی ئێران، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند لەگەڵ هاوپەیمانانی دورگەی عەرەبی ڕەشنووسی بڕیارنامەیەک پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات. ڕەشنوسەکە لەلایەن ئەمەریکا و بەحرەین نوسراوە و بە هاوبەشی لەگەڵ سعودیە و ئیمارات و کوەیت و قەتەر پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئاسایش کراوە.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا نوێنەرانی ئەو وڵاتە عەرەبیانە جەختیان کردەوە لەوەی ئازادی هاتوچۆ لە ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان بەشێکی گرنگی یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان پێکدەهێنێت. باڵیۆزی ئەمەریکا ڕایگەیاند ئێران بە ڕەفتارەکانی دەیەوێت لەمپەر بۆ هاتوچۆی بازرگانی و مەدەنی دروستبکات، ئەمەش "پێشینەیەکی زۆر زۆر مەترسیدارە."

گوتیشی، "کێشەکە ئەوەیە تەنانەت ئەم هەفتەیە میدیای ئێران بڵاویکردووەتەوە کە ڕژێم شتێکی دامەزراندووە بە ناوی 'دەستەڵاتی گەرووی کەنداوی فارس،' کە بە شێوەیەکی بنەڕەتی کاپتنی کەشتیییە بازرگانی و مەدەنییەکان ناچار دەکات خۆیان تۆمار بکەن و بەرتیل و گومرگ بدەن بۆ بەکارهێنانی ئەو ڕێڕەوە ئاویانە...ئەمە تەنها کاریگەری لەسەر ئەو ناوچەیە نابێت بەڵکو کاریگەری لەسەر هەموو جیهان دەبێت."

نوێنەرانی ئەمەریکا و وڵاتانی کەنداو داوایان لە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد بە بەرەنگاربوونەوەی ئەو پێشێلکارییانەی ڕژێمی ئێران.