ئەمەریکا سزا دەخاتە سەر بریکاری وەزیری نەوتی عێراق و فەرماندەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە لە ماڵپەڕی خۆیدا ڕایگەیاند لە چوارچێوەی سەپاندنی گوشارە ئابوورییەکانی سەر کۆماری ئیسلامی و گرووپەکانی سەر بەو وڵاتە لە عێراق، سزای بەسەر ژمارەیەک بەرپرس و فەرماندەی میلیشیاکانی عێراق و کۆمپانیاکانی چالاک لە کەرتی نەوتی عێراقدا سەپاندووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکادا هاتووە، عەلی مەعارج بەهادلی، بریکاری وەزیری نەوتی عێراق، پێگەی خۆی خراپ بەکارهێناوە بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق بە قازانجی کۆماری ئیسلامی و گروپە نزیکەکانی سەر بە ئێران.

هەروەها واشنتن سزای بەسەر سێ سەرکردەی گروپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی ئێراندا سەپاند کە لەنێویاندا ئەندامانی عەسائیب ئەهلی حەق و کەتایب سەید شوهەدا بە تۆمەتی پشتیوانی لە چالاکییەکانی میلیشیاکان و هاوکاری لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا، ئەو سزا نوێیانە لە چوارچێوەی دژە تیرۆر و سزاکانی پێوەندیدار بە کۆماری ئیسلامی سەپێندراون و لەم پاکێجەی سزاکاندا، چەندین کەسایەتی و کۆمپانیا خراونەتە نێو لیستی کەسانی سزادراوەوە کە بەشێکیان بە تایبەتی کەوتوونەتە بەر سزای پەیوەندیدار بە تارانەوە.

سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەت ئەمەریکا ڕایگەیاندووە ڕێژیمی ئێران وەک باندێکی تاوانکاری، ئەو سەرچاوانەی کە مافی ڕەوای خەڵکی عێراقە تاڵان دەکات و ئاماژەی بەوەشکردووە واشنتن ڕێگە نادات نەوتی عێراق بۆ دابینکردنی دارایی "تیرۆر" لە دژی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بەکاربهێنرێت.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا جەختی لەوە کردووەتەوە کە سیاسەتی "زۆرترین گوشار" دژی ئێران بەردەوامە و واشنتن تۆڕەکانی قاچاخچێتی نەوتی کۆماری ئیسلامی، سیستەمی دارایی نهێنی و داهاتی نەوتەکەی دەکاتە ئامانج.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی خەزێنە، ئەمەریکا هەروەها هۆشداری داوە لەوەی هەر کۆمپانیایەک، بانکێک، کەشتییەک، یان تاکێک کە تێوەگلابێت لە بازرگانی نهێنی نەوتی ئێراندا، ئەگەری هەیە ڕووبەڕووی سزاکانی ئەمەریکا ببێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، عەلی مەعارج بەهادلی بە هاوکاری تۆڕەکانی قاچاخچێتی نەوت، ئاسانکاری بۆ هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە ژێر پەردەی نەوتی عێراقی کردووە و بەڵگەنامەی ساختەی پەیوەندیدار بە سەرچاوەکانی نەوتەکەوە ساختە کردووە.

هەروەها وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزای بەسەر مستەفا هاشم لازم بەهادلی ناسراو بە سەید عەون، بەرپرسی ئابووریی عەسائیبی ئەهلی حەق سەپاندووە بەهۆی ڕۆڵی لە قاچاخچێتی نەوت و هاوکاری لەگەڵ هێزی قودسی سوپای پاسداران.

هەروەها دوو ئەندامی باڵای کەتایبی سەیدولشوهەدا بە ناوەکانی ئەحمەد خوزەیر مەخسووس و محەمەد عیسا کازم شوێلی بە تۆمەتی هاوکاری لە گواستنەوەی چەک و دارایی گروپەکانی سەر بە ئێران خراونەتە لیستی سزاکانەوە.

بە پشتبەستن بەم سزایانە، سەروەت و سامان و بەرژەوەندی دارایی ئەو کەس و قەوارانەی ناویان هاتووە لە ئەمەریکا سڕ دەکرێن و هەر مامەڵەیەک لەگەڵیان لەلایەن هاووڵاتییان و کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان قەدەغە دەکرێت.