نوێنەری حزبی دیموکرات: بەداخەوە کوردی ئێران بێ پشت و پەنا ماونەتەوە

PDKI

هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و گرووپە بەکرێگیراوەکانی دژ بە ئامانجەکان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە.

ڕۆژی چوارشەممە بە دوو درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) هێرش کرایە سەر کەمپی گردەچاڵ لە پارێزگای هەوڵێر.

هەژار برنجی، نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە واشنتن بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " پاش ئەوەش کە ئاگربەست لە نێوان ئەمەریکا و ئێران ڕاگەیەندراوە، بەڵام هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەێمی کوردستان و لایەنە سیاسییە کوردییەکانی ئێران بەردەوامە."

بەڕێز برنجی هۆکاری ئەم هێرشانە بۆ ئەوە دەگەرێنێتەوە بۆ ئەوەی کە ئێران "کوردستان بە مەترسییەکی گەورە لەسەر خۆی دەبینێت و پێی وایە ئەگەر گۆڕانکارییەک لە ئێراندا دروستبێت، ئەگەر بزووتنەوەیەکی ناوخۆیی لە ئێراندا دروستبێت کوردستان ناوەندی سەرەکی ئەم بزووتنەوەیە دەبێت."

یەکێکی تریش لە هۆکارەکانی بەردەوامی هێرشەکان بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ئێران بە هاوپەیمانی نزیکی ئەمەریکا و ئیسرائیلیان دەزانێت و دەڵێت " بەداخەوە کوردی ئێران زۆر بێ پشتیوان ماونەتەوە. هێرشەکانی کە دەکرێنە سەر باشووری کوردستان، لەلایەن حکومەتی ئەمەریکاوە پشتیوانیان لێدەکرێت، پارێزگاری لە هەوڵێر دەکرێت لە فڕۆکەخانەی هەولێر، بەڵام بەداخەوە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر بێ پشتیوانن و هەموو جارێکیش بەهۆی تۆمەتی پشتیوانیکردن لە ئەمەریکا هێرشیان دەکرێتە سەر."

ئەمەریکا هەمیشە پشتیوانی بۆ کورد دەربڕیوە، لە دەمی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرۆک ترامپ جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر کوردەکان هێرشێک لە ناوخۆی ئێران ئەنجام بدەن ئەمەریکا پشتیوانیان لێدەکات. پاشانیش جارێکی تر ئاماژەی بەوەکرد کە نایەوێت زیان بە کورد بگات و ئێران لێیان بدات.

نوێنەرەکەی حیزبی دیموکرات جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا هەنگاوی کردەوەی پێویست بنێن بۆ "پارێزگاریکردن لە خەڵکی ئێران، چونکە ئەو خەڵکانە تەنها لە نێو سنووری ئێراندا نین. ئەو کوردانەی ڕۆژهەڵاتیش دەگرێتەوە کە لە باشووری کوردستان نێشتەجێن. ئەوان (ڕژێمی ئێران) هێرش دەکەنە سەر هاووڵاتیانی خۆیان لە دەرەوەی وڵاتیش ئەمەش پێشێلکردنی سەروەری هەرێمی کوردستان و خاکی عێڕاقیشە."

لەوەتای جەنگەکە دەستیپێکردووە زیاتر لە 800 هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان کە بەشێکی ئەو هێرشانە کراونەتە سەر بنکەکانی لایەنە سیاسییە کوردییەکانی ئێران.