سێنتکۆم: فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس جۆرج ئێچ دبڵیۆ بوش گەمارۆی دەریایی ئێران جێبەجێ دەکات؛ 52 کەشتی بازرگانی گەڕێندراونەتەوە

فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند کەشتی فڕۆکە هەڵگری یو ئێس ئێس جۆرج ئێچ دبڵیۆ بوش( USS George H.W) لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە کەشتی جەنگی و فڕۆکە و کارمەندانی سەربازی ئەمەریکا بەشداری لە گەمارۆی دەریایی سەر ئێران دەکەن.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی سێنتکۆم لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس، تاکو ئێستا 52 کەشتی بازرگانی ناچاربوون ڕێگاکانیان بگۆڕن یان بگەڕێنەوە بۆ بەندەرەکان بۆ پابەندبوون بە گەمارۆکە.

گەماڕۆی دریایی ئێران لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانتری ئەمەریکا دژی ئێران جێبەجێ دەکرێت بۆ سنووردارکردنی هاتوچۆی دەریایی پەیوەست بە ئێرانەوە؛ ئۆپەراسیۆنێک کە بە ئامادەبوونی هێزی دەریایی و ئاسمانی زۆر لە ناوچەکەدا ئەنجام دەدرێت.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن گەمارۆکە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە ڕێگاکانی پەیوەست بە ئێرانەوە هەبووە و تادێت فشارە داراییەکانی سەر ئێران زیاتر دەکات.