ترامپ دەڵێت ڕەنگە پێش ئەوەی سەردانی چین بکات، ڕێککەوتنی لەگەڵ ئێران بگاتە ئەنجام

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند ڕەنگە پێش ئەوەی لە هەفتەی داهاتوو سەفەری چین بکات، ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بکرێت.

ترامپ کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو سەردانی چین بکات، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا بە کەناڵی پی بی ئیس ڕاگەیاند هەست دەکات ئەمەریکا لە ڕێککەوتنێک نزیک بووەتەوە و وتیشی "بەڵام پێشتریش هەستی لەم شێوەیەم هەبووە بەرامبەریان، بۆیە با بزانین چی دەبێت."

سەرۆکی ئەمەریکا وتی بەدووری نازانێت نوێنەرە تایبەتەکانی خۆی، ستیڤ ویتکۆف و جەرێد کوشنەر بۆ ئاڕاستەکردنی وتووێژی ڕووبەڕوو لەگەڵ ئێران بنێرێت.

ترامپ بە کەناڵی پی بی ئێسی ڕاگەیاندووە "پێموایە ئەگەرێکی زۆر باش هەیە کە ڕێککەوتنەکە بگاتە ئەنجام و ئەگەریش نەگات دەبێت جارێکی دیکە بۆردومانیان بکەینەوە، زۆر بە توندی."

سەرۆک ترامپ هەر ئەمڕۆ پێش ئەم لێدوانەش لە تۆڕی تروث ڕایگەیاند ئەگەر ئێران ڕێککەوتن قبوڵ نەکات، بۆردومانەکان دەستپێدەکەنەوە و وتیشی بەداخەوە ئەمجارە لە ئاست و چڕییەکی زۆر زیاتر دەبێت بە بەراوەرد بەوەی لە ڕابردوودا بینیومانە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری گواستنەوەی یۆرانیۆمی 60%ی ئێران بۆ ئەمەریکا، ترامپ ڕایگەیاند کە ئەمە ئەگەر و نەگەری نییە و وتی ئەوە دەبێت بگوازرێتەوە بۆ ئەمەریکا.

هەروەها دووپاتی کردەوە کە بەشێکی دیکەی ڕێککەوتنەکە ئەوەیە کە ئێران چیتر دامەزراوە ناوەکییە ژێر زەوییەکانی خۆی بەڕێوە نەبات.

ڕاپۆرتەکانی ئەکسیۆس و ڕۆیتەرز ئاماژە بەوە دەکەن کە واشنتن و تاران لە یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی یەک لاپەڕەیی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ نزیک بوونەتەوە. ئێران دەڵێت هێشتا پێداچوونەوە بە پێشنیازی ئەمەریکا دەکات.