چەند سەرچاوەیەکی نێوەندگیری پاکستانی دەڵێن ئەمەریکا و ئێران نزیکبوونەتەوە لە ڕێککەوتن لەسەر یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی یەک لاپەڕەیی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ. ڕێککەوتنێک کە دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ دانوستانی فراوانتر سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و تەنگەی هورمز.
سەرچاوەیەکی پاکستانی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ئەکسیۆس سەبارەت بە ئەگەری ڕێککەوتنەکە "دروستە" و ئاماژەی بەوەشکردووە، "زۆر بە زوویی ئەم دۆسیەیە دادەخەین، نزیکین لە ڕێککەوتن".
ڕۆژنامەی ئەکسیۆس لە زاری دوو بەرپرسی ئەمەریکایی و دوو سەرچاوەی ئاگادار لە بابەتەکە، ڕایگەیاندووە، ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی لە ڕێککەوتن لەسەر یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی یەک لاپەڕەیی نزیک بوونەتەوە، کە دەقێکی 14 خاڵییە و ئامانجی کۆتاییهێنانە بە شەڕ و دانانی چوارچێوەی دانوستاندنی بەرفراوانتر سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی تاران و گەمارۆکان و تەنگەی هورمز.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە تائێستا هیچ ڕێککەوتنێک کۆتایی پێنەهاتووە، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە، ئەمە نزیکترین هەنگاوە لە ڕێککەوتنەوە لەوەتای جەنگەکە دەستیپێکردووە. ئەمەریکا پێشبینی دەکات لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا ئێران وەڵامی چەند پرسێکی سەرەکی بداتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ڕێککەوتنە ئەگەرییەکە بریتی دەبێت لە پابەندبوونی ئێران بە ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم، ڕەزامەندی ئەمەریکا لەسەر هەڵگرتنی سزاکان و ئازادکردنی ملیارەها دۆلار لە سەروەت و سامانی بەستووی ئێران، هەروەها سووککردنی وردە وردەی سنووردارکردنەکانی تێپەڕبوونی کەشتیوانی بە تەنگەی هورمزدا لەلایەن هەردوولاوە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە سەبارەت بەم پرسە پەیوەندی بە کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و بەرپرسانی ئێرانییەوە کردووە، بەڵام دەستبەجێ وەڵامی داواکارییەکانیان نەداوەتەوە بۆ لێدوان.
شایانی باسە دۆناڵد ترامپ شەوی سێشەممە ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنی " پڕۆژەی ئازادی" لە تەنگەی هورمز بۆ ماوەیەکی کورت ڕادەگیرێت بۆ ئەوەی دیاری بکرێت کە ئایا دەتوانرێت ڕێککەوتنی کۆتایی واژۆ بکرێت یان نا.