ئەمەریکا و بەحرەین بڕیارنامەیەکی نوێ سەبارەت بە تەنگەی هورمز پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایش دەکەن

ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە 5ی مانگی پێنج دەست دەکەن بە گفتوگۆ بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسی بڕیارنامەیەک کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی سزادانی ئێران و تەنانەت ڕێگەدان بە بەکارهێنانی هێز ئەگەر تاران هێرش و هەڕەشەکانی دژی کەشتییە بازرگانییەکانی لە تەنگەی هورمز ڕانەگرێت.

بە وتەی دیپلۆماتکارانی ڕۆژئاوا، بڕیارنامەکە لەلایەن ئەمەریکا و بەحرەینەوە پشتگیری دەکرێت.

بە گوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ڕەشنووسی بڕیارنامەکە بەشێکە لە ستراتیژێک کە دیپلۆماتکاران دەڵێن بۆ زیادکردنی گوشارە دیپلۆماسییەکان بۆ سەر ئێران و پلاندانان بۆ دۆخی دوای ململانێکان داڕێژراوە.

هەروەها واشنتن پێشنیارێکی بە هاوبەشەکانی داوە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەکی نوێی دەریایی فرەنەتەوەیی بە ناوی "چوارچێوەی ئازادی دەریاکان"، دەستپێشخەرییەکە ئامانجەکەی داڕشتنی چوارچێوەیەکی ئەمنییە دوای ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کردنەوەی تەنگەی هورمز هەرکاتێک دۆخەکە سەقامگیر بوو.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان جیاوازیەکی زۆری هەیە لەگەڵ چەند مانگی ڕابردوودا کە واشنتن تاڕادەیەکی زۆر لە دەرەوەی چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان چالاکییەکانی ئەنجامداو و بەبێ مۆڵەتی ئەنجومەنەکە هێرشی سەربازیی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و داوای لە هاوپەیمانەکانی کرد بەشداری لە دەورییە دەریاییە تایبەتەکاندا بکەن بۆ پاراستنی ئازادی کەشتیوانی.

پێشتریش بڕیارنامەیەکی دیکەی بەحرەین کە بە شێوەیەک لە شێوەکان کردەوەی سەربازی دژ بە ئێران بە ڕەوا دەزانی و ئەمەریکا پاڵپشتی دەکرد، لەلایەن ڕووسیا و چین دژایەتی کرا و شکستی هێنا.

ڕەشنووسە نوێیەکە بەڵام ڕێبازێکی وریاتری گرتووەتەبەر و خۆی دەپارێزێت لە بەکارهێنانی ڕوون و ئاشکرای زمانێک کە ڕێگە بە بەکارهێنانی هێز بدات، هەرچەندە ڕەشنووسەکە هێشتا لەژێربەشی حەوتەمی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان دەمێنێتەوە کە ڕێگە بە ئەنجومەنی ئاسایش دەدات ڕێوشوێنەکان لە سزاکانەوە تا کردەوەی سەربازیش بسەپێنێت.

ئەم ڕەشنووسە سەرکۆنەی پێشێلکارییەکانی ئێران دەکات بۆ ئاگربەست و بۆ بەردەوامبوونی ئێران لە هەڕەشەکانی بۆ داخستن و ڕێگریکردن لە ماف و ئازادییە ڕەواکانی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز.

لە دەقەکەدا هاتووە کە ئەم کارانە هەڕەشەن بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و داوا لە ئێران دەکات دەستبەجێ هێرشەکان ڕابگرێت و شوێنی هەر مینێکی دەریایی ڕابگەیەنێت کە چاندویەتی و ڕێگری لە ئۆپەراسیۆنەکانی پاککردنەوە نەکات.

هەروەها لە بڕیارنامەکەدا داوا لە تاران کراوە هاوکاری هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات بۆ دامەزراندنی ڕێڕەوێکی مرۆیی لە سەرانسەری تەنگەکەدا،ئەمەش بە ئاماژەدان بە پەککەوتنی ڕۆیشتنی یارمەتییەکان، پێو و کەلوپەلی سەرەکی دیکە.

لە بڕیارنامەکەدا داوا لە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە لە ماوەی 30 ڕۆژدا ڕاپۆرت لەسەر پابەندبوونەکان بدات و ئەنجومەنی ئاسایش کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوی زیاتر لەوان ئەگەری سزاکان، ئەگەر ئێران پابەند نەبێت.

دیپلۆماتکاران ڕایانگەیاندووە واشنتن هیوادارە گفتوگۆکان بە خێرایی بەرەو پێشەوە بڕوەن بۆ ئەوەی تا 8ی مانگی پێنج ڕەشنووسی کۆتایی بڕیارنامەکە ئامادە بکرێت و سەرەتای هەفتەی داهاتوو بخرێتە دەنگدانەوە.