باڵیۆزخانەی ئەمەریکا: گەشت بۆ عێراق مەکەن؛ مەترسی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەردەوامە

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا ئاگادارییەک بڵاو دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت سەرەڕای دەستیپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییە بازرگانییە سنووردارەکان لە عێراق، بەڵام مەترسییە ئاسایشییەکان هەر بەردەوامن و وەک خۆیان ماون.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا ڕۆژی سێشەممە،5ی مانگی پێنج لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە پێویستە گەشتیاران ئاگاداری ئەو مەترسیانە بن کە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی عێراقدا دروستی دەکەن.

باڵیۆزخانەکە بە ئاماژدەدان بە هۆشداری ئاستی چوار، داوا لە هاووڵاتیانی ئەمەریکا دەکات "بە هیچ هۆکارێک گەشت بۆ عێراق نەکەن" و دەستبەجێ ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن.

هۆشداری ئاستی چوار بە بەرزترین ئاستی مەترسی دادەنرێت و بەو مانایەیە کە گەشتکردن بۆ ئەم ناوچەیە شیانی هەیە جێی مەترسییەکی زۆربێت بۆ سەر ژیانی ئەمەریکاییەکان.

لە ئاگادارکردنەوەکەدا ئاماژەی بەوەشکراوە گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران بەردەوامن لە پلاندانان بۆ هێرشی زیاتر دژی هاووڵاتیانی ئەمەریکایی و ئامانجەکانی سەر بە ئەمەریکا لە سەرانسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا هاتووە نوێنەرایەتی ئەمەریکا لە عێراق بەردەوام دەبن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتیانی ئەمەریکا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا داوا لە ئەمەریکاییەکان دەکات بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە خۆیان لە سەردانی باڵیۆزخانەی بەغدا یان کونسوڵخانەی وڵاتەکە لە هەولێر بەدوور بگرن و دەڵێت ئەگەر هاووڵاتی ئەمەریکایت و پێویستت بە هاوکارییە، لەڕێگەی ئیمەیڵەوە پەیوەندی بە باڵیۆزخانەکانی ئەمەریکاوە بکە لەو وڵاتەدا.

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ڕێگا ئاسمانی و وشکانییەکان لە ڕێگەی وڵاتانی دراوسێی وەک ئوردن، کوێت، سعودیە و تورکیا بە کراوەیی دەمێننەوە، بەڵام پێویستە گەشتیاران پێش گەشتکردن مەرجەکانی چوونە ژوورەوە و هۆشدارییە ئەمنییەکان لەبەرچاو بگرن و دەڵێت لە ڕێگەی ماڵپەڕە فەرمییەکانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکاوە پێداچوونەوە بە ئاگادارکردنەوە ئەمنییەکان و ڕێنماییەکانی گەشتکردن بۆ ئەو وڵاتانە بکەن.