دوو کەشتی بازرگانی بە ئاڵای ئەمەریکاوە سەرکەوتووانە تەنگەی هورمز تێدەپەڕێنن

سوپای ئەمەریکا لە چوارچێوەی 'پرۆژەی ئازادی' دەستی کردووە بە هاوکاریکردنی جوڵەی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز و ڕایدەگەیەنێت دوو کەشتی کە ئاڵای ئەمەریکایان لەسەرە بە سەرکەوتوویی لەو ناوچە ئاوییە پەڕیونەتەوە.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، "لە ئێستادا کەشتییە وێرانکەرەکانی مووشەکی ڕێنماییکراوی هێزی دەریایی ئەمەریکا لە کەنداوی عەرەبیدا کاردەکەن، دوای ئەوەی لە گەرووی هورمز تێپەڕ بوون بۆ پاڵپشتیکردن لە پڕۆژەی ئازادی."

سێنتکۆم دەشڵێت، "هێزەکانی ئەمەریکا چالاکانە هاوکاری هەوڵەکان دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی هاتووچۆی کەشتیوانی بازرگانی. وەک هەنگاوی یەکەم، دوو کەشتی بازرگانی کە ئاڵای ئەمەریکایان لەسەرە، بە سەرکەوتوویی بەناو گەرووی هورمزدا تێپەڕین و بە سەلامەتی درێژە بە گەشتەکەیان دەدەن."

سەرۆکی ئەمەریکا دوێنێ یەکشەممە 'پرۆژەی ئازادی' ڕاگەیاند بە مەبەستی هاوکاری پەڕینەوەی ئەو کەشتیە بازرگانیانەی لە گەرووی هورمزدا گیریان خواردووە.

سەرۆک دۆناڵد ترامپ ئاماژەی دا پرۆژەکە بەرەبەیانی دووشەممە بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەوێتە کار و ڕایگەیاند هەر ڕێگرییەکی ئێران بۆ پرۆژەکە "بەداخەوە بە هێزەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت."