ئێران سێ کەسی دیکە لە سێدارە دەدات

میدیاکانی ئێران باس لە لەسێدارەدانی سێ کەسی دیکە دەکەن کە لە دوایین ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتە لە شاری مەشهەد دەستگیر کرابوون و تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ مۆساد و دوژمنانی کۆماری ئیسلامی درابووە پاڵیان.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم کە لە سوپای پاسداران نزیکە، ناوی سێ کەسەکەی ڕاگەیاندووە کە بریتین لە مەهدی ڕەسووڵی، محەمەد ڕەزا میری و ئیبراهیم دۆڵەت ئابادی کە هەموویان لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی یەکی ئەمساڵ دەستبەسەر کرابوون.

لەوەتای دەستپێکردنی شەڕی ئەم دواییە، لانیکەم 30 زیندانی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی ئەمنی و ئاسایشی لەسێدارە دراون.

لەسێدارەدانەکان دوای شەپۆلێکی نوێی لەسێدارەدان لە ئێران دێت کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ وەک بەشێک لە هەوڵەکانی حکومەت بۆ دروستکردنی ترس و توقاندن ناوی دەبەن بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی دووبارەی ناڕەزایەتییەکان.