هاوکاتی زیادکردنی بەرچاوی بودجەی بەرگری ئیسرائیل نەتانیاهۆ دەڵێت دەبێت لە دوژمنەکانمان زۆر بەهێزتربین

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، فەرمانی وەبەرهێنانی لە تواناکانی بەرهەمهێنانی چەکی ناوخۆدا کردووە.

پەیامەکە ڕۆژی یەکشەممە لە هەژماری فەرمی ئێکسی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل بڵاوکراوەتەوە، تیایدا هاتووە، "لە ماوەی دەیەی داهاتوودا 350 ملیار شەکل [نزیکەی 119 ملیار دۆلار] بۆ بودجەی بەرگری زیاد دەکەین بۆ بەرهەمهێنانی چەک لە ناوخۆ و کەمکردنەوەی پشتبەستنمان بە سەرچاوە دەرەکییەکان."

دەشڵێت " لەهەمانکاتدا بەرهەمهێنانی فڕۆکەی پێشکەوتوو فراوانتر دەکەین، ئەمەش هەموو شتێک دەگۆڕێت."

سەبارەت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەروەها جەختی لەوە کردەوە "چەند هەفتەیەک لەمەوبەر فەرمانم دا پڕۆژەیەکی تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دروست بکرێت، ئەمڕۆش ڕاپۆرتێکم پێدەگات لەسەر پێشکەوتنە سەرەتاییەکان، ئەمەش کاتێکی زۆری دەوێت، بەڵام کاری لەسەر دەکەین".

جەختی لەسەر دەسەڵاتی بێ وێنەی ئیسرائیل کردەوە و جەختی گوتی "ئیسرائیل لە جاران بەهێزترە و دەبێت زۆر لە دوژمنەکانی بەهێزتر بێت."

باسی لە دوو بنەمای بەهێزکردنی تواناکان و سەربەخۆیی کرد و گوتی "لە بواری بەهێزکردندا، ئیسرائیل دوو فەوج لە فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتووی F-35 و F-15A دەکڕێت، کە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی باڵادەستی ئاسمانی یەکلاکەرەوەی ئیسرائیل، کە باڵادەستییەکە پێشتر لە ئۆپەراسیۆنی شێرە ڕاساوەکاندا خۆی سەلماندووە و ئێستاش لە ئۆپەراسیۆنی نەڕەی شێر."

نەتانیاهۆ دەشڵێت "فڕۆکەکانمان دەتوانن بگەنە هەر خاڵێک لە ئاسمانی ئێران و ئەگەر پێویست بکات ئامادەین بۆ ئەو کارە، ئێمە فڕۆکە و فڕۆکەوانی بێوێنەمان هەیە".

ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر لیژنەی کاروباری وەزاری سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە کەناڵی ئێکس ڕایگەیاندبوو کە ڕەزامەندی لەسەر کڕینی ئەم دوو فەوجە نوێیەی فڕۆکەی جەنگی بە گرێبەست بە بەهای دەیان ملیار دۆلار داوە، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانی بەهێزکردنی هێزەکانیان بۆ دەیەی داهاتوو.

سەبارەت بە باڵادەستی ئاسمانی لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان دژ بە کۆماری ئیسلامی، ئیسڕائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند وانە ئۆپەراسیۆنییەکان کە لەم شەڕەدا فێربووین ئەوەیە پێویستیمان بە بەردەوامبوون و خێراترکردنی بەهێزبوونی هێزی ئاسمانی هەیە بۆ ئەوەی لە دەیەکانی داهاتوودا باڵادەستی هێزی ئاسمانی مسۆگەر بکەین.