پەیامی دەنگی محراب عەبدوڵڵازادە پێش لەسێدارەدانی: تەنها تاوانم کوردبوونمە

Your browser doesn’t support HTML5

پەیامی دەنگی محراب عەبدوڵڵازادە لە زیندانەوە پێش لەسێدارەدانی

محراب عەبدوڵڵازادە ئەو گەنجە کوردەی ڕۆژی یەکشەممە لە زیندانی ورمێ لەسێدارە درا، پێشتر لە سەرەتای ئەم ساڵدا پەیامێکی دەنگی لە زیندانی ناوەندیی ورمێوە ناردبوو. لەو پەیامەدا باس لە بێتاوانی خۆی دەکات و دەڵێت تەنها یەکەم تاوانی من کوردبوونمە. تا ئەو ڕۆژەی ماوم شانازی بە کوردبوونمەوە دەکەم.

دەقی پەیامەکەی:

سڵاو خەڵکی ئێران، من محراب عەبدوڵڵازادەم لە زیندانی ناوەندی ورمێوە قسەدەکەم. ڕەنگە ئەمە دواجاربێت دەنگم ببیستن.

سوپای پاسداران منیان لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی 2022 لە ورمێ دەستگیر کرد. تەمەنم 25 ساڵ بوو کاتێک زیندان کرام. لە سەرەتای دەستگیرکردنەکەمدا بە زۆری ئەشکەنجە و لەژێر هەڕەشە دادپێدانانیان لێوەرگرتم کە هەموی بێبنەما بوون.

هیچکام لەو تۆمەتانەی کە ڕووبەڕوویان کردوومەتەوە ڕاست نین. هەم خۆیان و هەم خوداش دەزانێت کە من بێتاوانم.

خەڵکی خۆشەویستی ئێران! هاونیشتمانییە بە پەرۆشەکانم! ڕەنگە نەتوانن هەستم پێبکەن، یان بیرشی لەوە بکەنەوە کە من چ نەهامەتییەکم چەشتووە. من 42 مانگە لە ژێر حوکمی لەسێدارەدام. سزایەک کە تەنانەت بەردیش دەکاتە ئاو. کەسێکی کە چاوەڕوانی جێبەجێکردنی سزای مەرگە، هەموو ڕۆژێک هەموو شەوێک لە خەیاڵی ئەوەدایە کە ڕەنگە ئێستا بانگی بکەن و بیبەن لەسێدارەی بدەن. ئەو تەنها شەوان پاش سەعات یەک ڕەنگە هەندێک ئارام ببێتەوە و بتوانێت دوو سێ سەعاتێک خەو بیباتەوە.

هەستکردن بەم بارودۆخە زۆر سەختە بۆتان، سوێند بە خوا ئەوەی کە لە سەر شەقام دەمرێت زۆر خۆشترە بۆی لەوەی کە 42 مانگ ملیۆن جار بمرێت و زیندوو ببێتەوە.

ئەمڕۆ نۆبەی منەو سبەینێ نۆبەی کەسێکی تر. ڕەنگە دووسبەی یەکێک بێت لە ئازیزەکانی ئێوەش. خەمسارد مەبن و بە ئاسایی وەریمەگرن، دەنگی من بگەیەننە خەڵکی لە هەموو جیهاندا.

کوردە سەربەرزەکان! هاوشارییە ئازیزەکانم! یەکەم تاوانی من کوردبوونمە. تا ئەو ڕۆژەی ماوم شانازی بە کوردبوونمەوە دەکەم. زۆر باشتر لە ئێوە دەزانم کە چ سەختییەکتان چەشتووە. هەمیشە لایەنی حەقتان گرتووە و دەیگرن.

ئەمجارەش بەرگری لە مافی من بکەن، ڕێگە مەدەن ناڕەوا پەتی سێدارە بخەنە ملم و جەرگی دایک و باوکی پیرم بسوتێنن.

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ! تاکەی تەنها نیگەرانی دەردەبڕن و ئەم کردەوانە مەحکوم دەکەکەن بە پۆستێکی ئاسایی تێدەپەڕێنن؟ کەی بەڕاستی دەستبەکار دەبن و ڕێگری لەم هەموو زوڵم و ناڕەوایەتییە دەکەن؟ کەی بەرگری لە مافی منی بێتاوان دەکەن؟ دەنگی من بە تەواوی جیهان بگەیەنن و ئەمجارە بیسەلمێنن کە تەنها قسە نیین و کردەوەشتان هەیە.

ڕێبەری ئێران! جەنابی ئیژەیی (سەرۆکی دەزگای دادوەری ئێران) ! بۆچی یاسای ورمێ لەگەڵ تەواوی ئێراندا جیاوازە؟ بۆچی لە ئاستی ئەو هەموو زوڵمەی لە خەڵکی ئەم پارێزگایە دەکرێت بێدەنگن؟ لە ڕاستیدا لێرە هەموو ڕۆژێک دژ بە خەڵکی تاوان دەکرێت. زۆر بە ئاسانی بۆ من و خەڵکانی وەکو من دۆسێ دروست دەکرێت و لەوەش ئاسانتر سزامان بەسەردا دەسەپێنن. بەم سزایانەش ژیانی زۆرێک لە خێزانەکان وێران دەبێت.

لێرە یەکەم پرسیای کە ڕووبەڕووت دەکرێتەوە ئەوەیە کوردیت یان تورک؟ بەهۆی کوردبوونمانەوە وەک تاوانبار لەقەڵەم دەدرێین.

بە مناڵی گوێم لێدەبوو کە دەیانگوت " بێتاوان تا ژێر دارەکە دەڕوات بەڵام لەسێدارە نادرێت" بەڵام بەداخەوە لە نێو زیندانی نێوەندی ورمێ سەری زۆرێک لە بێتاوانەکان لە دار دران.

ئەگەر بە ڕاستی بڕواتان بە دادوەری هەیە و خەڵکی وڵاتەکە بۆتان گرنگە، حەق بدەن بە حەقدار. ئگەر تاوانێکم کردبێت ئەوا ئامادەم لە بەرچاوی خەڵکی لەسێدارە بدرێم.

سوپای پاسدارانی ورمێ! هەروەکو خۆتان دەزانن کە بە تەواوەتی بێتاوانم و خێزانی سکاڵاکاریش بڕوایان بەوەیە کە بێتاوانم. لەگەڵ ئەوەشدا چەندین جار خێزانەکەم سەردانیان کردوون تا لێم خۆشبن لە کارێک کە هیچ دەستێکم تیایدا نییە، تەنها بۆ ئەوەی ئەم پەتە لە ملم بکەنەوە. خێزانی سكاڵاکار بە زارەکی دانیان بەوەدا ناوە کە لێم خۆشبوون، بەڵام لە پشتی پەردەوە سوپای پاسدارانی ورمێ ڕێگرییان لێدەکات و ئەوانیش ناچارن لێم خۆش نەبن.

چ دوژمنایەتییەکتان لەگەڵمدا هەیە بۆ چی وا بەئاسانی ئەم دۆسێیەتان بۆ دروستکردم، ڕێگەتان نەدا هیچ دادگاییەکی ڕەوا بکرێم. منی بێتاوانتان کردە قوربانی دۆسێیەک کە هیچ بەڵگەیەک، ڤیدیۆیەک یان وێنەکی منتان نییە. لەبەر ئەوەی تاوانبارەکان هەڵاتوون من کراوم بە قوربانی.

دایک و باوکی ئازیزم! خوشک و برا گوڵەکانم ! ئێوە ئەرکێکی زۆرتان بۆ من کێشاوە. لە ماوەی ئەم چوارساڵەدا یەک ڕۆژی خۆشتان نەدیوە. من شانازی بەوەدەکەم کە بێتاوانم. ئێوەش سەربەرزبن چونکە لە ئاستی هیچ کەسێک شەرمەزار نین. چونکە خراپەم بۆ کەس نەبووە، ژیانی کەسم تێکنەداوە، مەردانە ژیاوم. هەمووتانم خۆشدەوێت و جێگاکان لە نێو دڵمدایە.

پرسیارێک ئاراستەی خەڵکی هەموو جیهان دەکەم! چۆن دەبێت کەسێک کە دەستدرێژی کردە سەر کچی خۆی و پاشان کوشتی، بە تاوانی بڵاو کردنەوەی گەندەڵی لەسەر زەوی سزا نەدرا. بەڵام منی محرابی تەمەن 25 ساڵان کە لە دووکانەکەم کە دوو دەقە لە ماڵەکەمانەوە دوورە دەستگیرکرام، ئێستا بە " بڵاوکردنەوەی گەندەڵی لەسەر زەوی" دەناسرێم و سزای مەرگ دراوم. ئایا ئەمە ڕەوایە؟

دوا وتەم! من بێتاوانم. دۆسێیان بۆ دروست کردووم. ببنە دەنگی من و دەنگم بگەیەنن بە هەموو جیهان. ئەگەر بە مەرگی من کێشەکانی هەمووتان چارەسەر دەبێت، ژیانتان شاد دەبێت، دەخوازم بمرم.