عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی دەستنیشانکراوی عێڕاق، ڕۆژی شەممە سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەلایەن کاربەدەستانی هەرێم بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی پێشوازی لێکرا.
بێجگە لە کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، زەیدی لەسەردانەکەیدا بۆ هەولێر چاوی بە سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانیش کەوت و بارەگای بارزانی لە ڕاگەیاندنێکدا دەڵێت " لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پێویستیی پەلەكردن لە پێكهێنانی حكوومەت كرا بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن، هەروەها پابەندبوون بەماوە دەستوورییەكانەوە."
بارەگای بارزانی دەشڵێت " سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، جەختی لە پێویستیی تێپەڕاندنی بابەتە نەرێنییەكانی ڕابردوو و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێی پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی فیدڕاڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردەوە، هاوکات لەگەڵ شاندی یاوەری داوایان كرد كە كوتلەی پەرلەمانی و حكوومیی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەشدارییەكی چالاكانە لە پڕۆسەی سیاسی و پێكهێنانی حكوومەتی فیدڕاڵ بگەڕێنەوە بەغدا."
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێڕاق لە مانگی چواردا ڕایگەیاند بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمان دەکات بەرانبەر بەو "پێشێلکارییە دەستووری و یاساییانەی" لە نێو پەرلەماندا روو دەدەن.
زەیدی لە پێگەی فەرمی ئێکسیدا لەسەر کۆبوونەوەکە دەڵێت " لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە دۆخی گشتی وڵات و بەرەوپێشچوونی دیالۆگەکان سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی نوێ کرا. جەخت لەسەر گرنگی یەکخستنی دیدگا و هەڵوێستەکان کرایەوە، هەروەها کارکردن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و تێپەڕاندنی قەیرانەکانی هەبێت و بەشداری بکات لە بەرزکردنەوەی سەقامگیری و گەشەسەندن، هەروەها لە بەدیهێنانی خواستەکانی هەموو گەلی عێراق."
شاندەکەی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی بۆ هەرێمی کوردستان بریتییە لە
فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئەساسی عێراق، عەبدولحوسێن موسەوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەهجی وەتەنی و عەباس عامری، ئەمینداری چوارچێوەی هاوئاهەنگی.
بە پێی بەرنامەکە چاوەڕوان دەکرێت پاش سەردانەکەی لە هەوڵێر بچێتە سلێمانیش لەوێش لەگەڵ بەرپرسان کۆببێتەوە.
سەرۆک ترامپ ڕۆژی هەینی بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند، پشتگیری لە سەرۆک وەزیرانی دەستنیشان کراوی عێراق عەلی زەیدی دەکات و گوتی" دوێنێ گفتوگۆیەکی بەهێزمان هەبوو، پیرۆزباییم لێی کرد... بە هاوکاری ئێمە بردیەوە."
ترامپ عەلی زەیدی بە 'پیاوێکی زۆر باش' ناوبرد و گوتی، "دەمانەوێت زۆر سەرکەوتوو بێت و پێم گووت ئەمەریکا بۆ تەواوی ڕێگاکە لەگەڵی دایە."
گوتیشی، "ئەمە سەرکەوتنێکی گەورە بوو، سەرکردەی نوێی عێراق کەسێکە ئێمە بە هێزەوە پشتگیری لێ دەکەین."
هاوپەیمانی شیعەکان کە بە "چوارچێوەی هاوئاهەنگی" ناسراوە، ڕۆژی دووشەممە عەلی زەیدی وەک کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق ناساند و دواتر باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا پیرۆزبایی لەو کاندیدە کرد.