وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئێران باس لە دانوستاندنەکانی ئەمەریکا و ئێران دەکەن

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، عەباس عەڕاقچی وەزیری درەوەی ئێران پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵیدا کردوو و تیایدا باسی لە وردەکارییەکانی وتووێژەکانی ئەم دواییە لەگەڵ لایەنی ئەمەریکا کردووە.

فوئاد حسێن ڕۆژی هەینی تۆڕی ئێکس ڕایگەیاند لەو پەیوەندییەدا " جەختمان لە پاڵپشتی عێراق بۆ ڕێبازی دانوستاندنەکان و گرنگی گەیشتن بە ئەنجامە ئەرێنییەکان کردەوە کە کۆتایی بە ململانێکان بهێنێت و سەقامگیری ناوچەکە بەرەوپێش ببات."

وەزیری دەرەوەی عێراق دەشڵێت " لە پەیوەندییەکەدا هەڵوێستی پشتیوانی عێراقم بۆ چارەسەری ئاشتیانە دووپاتکردەوە، جەختم لەسەر پێویستی گەیشتن بە بڕیارێکی کۆتایی کردەوە کە کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت."

هەروەها دەشڵێت بەردەوامبوونی ململانێكان بوونەتە هۆی نائارامی لە ناوچەكەدا.

لە 28ی مانگی دووەوە کە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە دژی ڕژێمی ئێران دەستیپێکردووە، ئێران و بریکارەکانی لە عێراق هێرشەکانیان لە ناوخۆی عێراق دەستپێکردووە. جگە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا، لە عێراق و هەرێمی کوردستان چەندین شوێنی تریشیان کردووەتە ئامانج.

حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەرچەندە بەشێک نییە لە ململانێیە، بەڵام لە سەرەتای شەڕەکانەوە تا ئێستا زیاتر لە 800 هێرشی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر هەرێمی کوردستان کراوە.