ترامپ دەڵێت ئێران دەتوانێت بەشداری مۆندیال بکات

سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ ڕایدەگەیەنێت لاری نییە لە بەشداریکردنی ئێران لە جامی جیهانی، لە کاتێکدا وا بڕیارە تیمی ئێران مانگی شەش لە شاری لۆس ئانجلس ئەمەریکا یاری بکات.

سەرۆک ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆشکی سپی سەبارەت بە یاریزانانی ئێران بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند، "دەزانن چی؟ با یاری بکەن."

لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دوای ئەوە هات کە جیانی ئینفانتینۆ سەرۆکی فیفا ئاماژەی دا بەوەی "ئێران بەشداری مۆندیالی 2026 دەکات و بێگومانیش لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا یاری دەکات."

ئینفانتینۆ ڕۆژی پێنجشەممە گوتی هۆکاری ئەمە بریتییە لە پێویستی یەکگرتوویی نێوان وڵاتان و جەختی کردەوە "دەبێت خەڵک کۆبکەینەوە."

پرسی بەشداریکردنی ئێران لەو کاتەوە هاتە ئاراوە کە ئەمەریکا و ئیسرائیل لە 28ی مانگی دوو دەستیان بە هێرشە سەربازییەکان کرد بۆ سەر ڕژێمی ئێران.

بە گوێرەی خشتەی فیفا، وا بڕیارە ئێران لە 15 و 21ی شەش لە لۆس ئەنجلۆس یاری بکات.

کەنەدا، کە ئەم هەفتەیە میوانداری کۆبوونەوەی ئەندامانی فیفای دەکرد، ڕێگری کرد لە چوونی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران، مەهدی تاج، بۆ ئەو وڵاتە.

مەهدی تاج ئەندامی پێشووی سوپای پاسدارانە کە لەلایەن ئەمەریکا و کەنەدا و وڵاتانی دیکەوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشان کراوە.

مارک کارنی، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، لەمبارەوە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "ئەندامانی سوپای پاسداران بە دروستی قەدەغە کراون بۆ هاتن بۆ ئەم وڵاتە و نایەن بۆ ناو ئەم وڵاتە."