ڕۆژنامەی فاینانشڵ تایمز لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت ، ئیسرائیل لە شەڕی ئەم دواییەدا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی سیستەمێکی بەرگری ئاسمانی لەسەر بنەمای لەیزەر بۆ میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب (ئیمارات) جێگیر کردووە بۆ یارمەتیدانی پاراستنی ئەو وڵاتەی کەنداو لە هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ئێرانەوە سەرچاوەی گرتووە.
ئەو ڕۆژنامە بەریتانییە باسی لەوەش کردووە کە ئیسرائیل سیستەمێکی چاودێری ناسراو بە سپێکترۆشی بۆ ئیمارات ناردووە تا لە دووری 20 کیلۆمەترەوە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان دیاری بکات.
بەرپرسێکی ناوچەکە بە ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزی ڕاگەیاندووە کە جێگیرکردنی ئەو سیستەمە پێشکەوتووانە "بەهای دۆستایەتی لەگەڵ ئیسرائیل" نیشان دەدەن.
ڕاپۆرتەکە لە دوای ئەوە دێت کە لە سەرەتای هەفتەی ڕابردوودا ئەکسیۆس ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەوە تیایدا جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل سیستەمی بەرگری ئاسمانی ناسراو بو گومبەزی پۆلاینی بۆ وڵاتی کەنداو جێگیرکردووە و دەیان سەربازی ناردووە بۆ بەڕێوەبردنی.
هەروەها ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز ئەو ڕاپۆرتەی پێشووی ئەکسیۆسی پشتڕاستکردەوە.
دوو بەرپرسی ئیسرائیلی و یەکێک لە بەرپرسانی ئەمەریکایی پێشتر بە ئەکسیۆسیان ڕاگەیاندبوو کە لە سەرەتای شەڕی ئەم دواییەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە تەلەفۆن لەگەڵ محەمەد بن زاید سەرۆکی ئیمارات قسەی کردووە، دوای ئەوە نەتانیاهۆ فەرمانی بە سوپای ئیسرائیل کردووە کە سیستەمی گومبەزی پۆڵایین و دەیان سەربازی ئیسرائیل، بۆ ئیمارات بنێرن.
ئەمە یەکەمجار بوو ئیسرائیل گومبەزی پۆڵایین ڕەوانەی وڵاتێکی دیکە بکات و ئیمارات یەکەم وڵات بوو جگە لە ئەمەریکا و ئیسرائیل ئەو سیستەمەی بەکارهێنا.
لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی هاوبەشی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، حکومەتی ئێران و بەکرێگیراوەکانی زنجیرەیەک هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکییان بۆ سەر ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە ئەنجامداوە.