ناوەندی ئاماری ئێران ڕادەگەیەنێت هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵی بەرهەمە خۆراکییەکان لە مانگی سێی ئەمساڵ بە بەراورد بە هەمان کاتی پار 115٪ بەرزبووەتەوە. ئەم ژمارەیە پیشاندەری فشاری قورسە بەسەر ژیانی هاووڵاتییان لە یەکەم مانگی ساڵی نوێدا.
لە گۆڕانکارییەکی دیکەدا، بڕینی ئەنتەرنێت لە ئێران چووەتە ناو ڕۆژی شەست و سێهەمی بە شێوەیەکی بەردەوام. هاووڵاتیانی ئێرانی نزیکەی زیاتر لە 62 ڕۆژە لە دەستپێگەیشتن بە ئینتەرنێتی جیهانی بێبەشن.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی چاودێری ئینتەرنێت وەک نێتبلۆکس، ئەم پچڕانی بەرفراوانەی ئینتەرنێتە بووەتە هۆی ئەوەی زۆرینەی خەڵک هێشتا لە پەیوەندی لەگەڵ دەرەوەی وڵاتدا لە ئەنجامدانی کاروباری بانکی نێودەوڵەتی، بازرگانی ئەلیکترۆنی و دەستپێگەیشتن بە سەرچاوە زانیارییەکان بێبەشن. ئەم دۆخە کاریگەریی قورسی لەسەر ئابووریی دیجیتاڵی، بازرگانییە ئۆنلاینەکان، خوێندن و تەنانەت پەیوەندییە خێزانییەکانیش داناوە.
شارەزایانى ئابوورى ئاگاداری دەدەن کە هاوکات بوونی هەڵاوسانی بەرزی بەرهەمە خۆراکییەکان لەگەڵ ئەم پچڕانی درێژخایەنەی ئینتەرنێتە دەتوانێت قەیرانی ژیان و کۆمەڵایەتی قووڵتر بکات. زۆرێک لە چالاکوانانی ئابووری و هاووڵاتیانی ئاسایی هیوادارن کە زووترین کات سنوورەکانی ئینتەرنێت لاببرێت تا بە لایەنی کەمەوە بەشێک لە زیانەکانی پڕ بکرێتەوە.