ڕاپۆرتی پەیامنێرانی بێسنوور: ئاستی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە عێراق خراپتربووە

ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور ڕایدەگەیەنێت ئازادی ڕۆژنامەگەری لە عێراق لە ساڵی 2026دا بە بەراورد بە ساڵی پێشوو خراپتر بووە.

لە ڕاپۆرتەکەی ساڵی 2026دا ڕێکخراوی RSF ڕایگەیاندووە، عێراق لە کۆی 180 وڵاتدا پلەی 162ی بەدەستهێناوە. لە ڕاپۆرتی ساڵی 2025 دا عێراق لە پلەی 155 دایە بەو پێیەش لە ئەم ساڵ عێراق لە ڕووی ئازادی میدیاییەوە ئاستی زۆر زیاتر دابەزیوە.

بەگوێرەی ئەو ڕێکخراوە کە بنکەکەی لە پاریسە، لە نێوان ناسەقامگیری سیاسی و سنووردارکردنی داراییدا، ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە لە هەموو لایەکەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە حکومەت بەهۆی لاوازییەکەیەوە ناتوانێت بیانپارێزێت.

ڕێکخراوەکە دەڵێت دەزگاکانی ڕاگەیاندنی عێراقی بەو پارتە سیاسییانەوە بەندەن کە کە کۆنترۆڵی سیاسەتی ڕۆژنامەگەری دەکەن. بۆ نمونە کەناڵی تەلەفزیۆنی ئەلفورات سەر بە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراقە. هەروەها پێکهاتە ئاینییەکان دەزگای ڕاگەیاندنی تایبەت بە خۆیان هەیە، وەک تەلەفزیۆنی مەسیحی عەشتار.

RSF دەشڵێت دۆخی میدیایی لە هەرێمی کوردستان ڕێکخراوە، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لە ڕێگەی کەناڵەکانی وەک ئێن ئاڕ تی کە سەر بە بزووتنەوەی "نەوەی نوێ"وە دەنگی خۆیان دەگەیەنن.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، کاریگەری سیاسی لەسەر ڕۆژنامەگەری لە عێراقدا وادەکات بە ئاستەم دەستڕابگات بە ڕۆژنامەگەری هاوسەنگ و سەربەخۆ. زۆرێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەهۆی ڕووماڵکردنی ناڕەزایەتییەکانی دژە گەندەڵی هێرشیان کراوەتە سەر.

سەرەڕای سەقامگیری سیاسی لەم دواییانەدا، ڕێکخراوی RSF دەشڵێ کە زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان لەلایەن گروپە چەکدارەکان و ڕێکخراوە جیهادییەکان لە عێراق دەستگیر دەکرێن، دەکوژرێن یان بە بارمتە دەگیرێن.