ڕاپۆرتێکی هەواڵگری ئاشکرای دەکات چەند کەشتییەک کە بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار نەوتی ئێران هەڵدەگرن، هەوڵ دەدەن لە ژێر ناوی عێراقەوە گەمارۆکانی ئەمەریکا بشکێنن و نەوتەکە بگوازنەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان.
کۆمپانیای هەواڵگری دەریاوانی ویندوارد ئەی ئای لە ڕاپۆرتێکیدا دەڵێت چەند کەشتییەکی تەنگەی هورمز کە لەلایەن ئەمەریکاوە سزایان خراوەتە سەر، داتای شوێنەکانیان گۆڕیوە بۆ ئەوەی وای نیشان بدەن لە کەناراوەکانی عێراقەوە نەوت بار دەکەن، لە کاتێکدا ئەو کەشتیانە بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار نەوتی ئێرانیان هەڵگرتووە.
کۆمپانیاکە ئاماژە دەکات بەوەی لە کۆی ئەو 13 خاڵەی گواستنەوە کە لە تەنگەی هۆرمزدا هەن، هیچ چالاکییەکی قاچاخچێتی بەدی ناکرێت، بەڵام "چالاکییە ڕەشەکان" لە کەناراوی چابەهارەوە و لە ڕێگەی گۆڕینی داتای شوێنەکانەوە ئەنجام دەدرێت.
کۆمپانیاکە ڕایدەگەیەنێت، "خاڵەکانی گواستنەوە لە هورمز لە سیستەمی چاودێری ئاوی دەبینرێن، بەڵام چالاکییە ڕەشە [قاچاخەکان] لە سەرانسەری کەنداودا لە بەرزبوونەوە دان."
دەشڵێت، "زنجیرەی ئەم چالاکییە ڕەشانە لە بەندەری چابەهار بەرز بووەتەوە بۆ نزیکەی 8 ملیۆن بەرمیل، وە 10 تانکەری سزادراو سیستەمی چاودێری ئاوی تێدەپەڕێنن و لە ژێر ناوی عێراق نەوتی خاوی ئێران بار دەکەن."
ئەمەریکا بەرەبەیانی ڕۆژی 13ی چواری 2026 گەمارۆی دەریایی سەپاند بەسەر کەناراوەکانی ئێران لە گەرووی هورمز.
حکومەتی ئەمەریکا پێشبینی دەکات لەو کاتەوە زیانی نزیکەی 500 ملیۆن دۆلاری ڕۆژانە بەر ئێران بکەوێت.
وەزیری گەنجینە سکۆت ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند پیشەسازی نەوتی ئێران بەهۆی گەمارۆکانەوە دەستی بە ڕاگرتنی بەرهەمهێنان کردووە، لە کاتێدا عەمبارەکانی نەوت بەرەو پڕبوون دەچن.
سکۆت بێسێنت پێشبینی کرد، "بەم زووانە دەرهێنانی نەوتی خاو هەرەس دێنێت؛ دوای ئەوە کەمی بەنزین دەستپێدەکات."
هەروەها بەگوێرەی داتاکانی کۆمپانیای کەیپڵەر، ئێران بە خێرایی خەریکە تواناکانی بۆ هەڵگرتنی نەوتی خاو تەواو دەبێت و توانای هەڵگرتنی نەوتی لە ئێستادا دابەزیوە بۆ 12 هەتا 22 ڕۆژ یان کەمتر.