سوپای بەرگری ئیسرائیل، رۆژی چوارشەممە، چەند ژێرخانێکی سەر بە گرووپی تیرۆریستی حزبوڵڵای لە ناوچە جیاوازەکانی باشووری لوبنان، کردووەتە ئامانج.
سوپای بەرگری ئیسرائیل لە پۆستێک لەسەر لاپەڕەی فەرمی خۆی لە ئکس دەڵێت "لە نێو ئامانجەکاندا، چەندین مووشەکهاوێژی ئامادە بۆ هێرشکردن، کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی و بیناکانی سەربازی هەبوون کە لەلایەن تیرۆریستانی حزبوڵڵاوە بۆ پێشبردنی پلانە تیرۆریستییەکان دژی هێزەکانی لەشکری ئیسرائیل و وڵاتی ئیسرائیل بەکاردەهێنران. "
لە پەیامەکەدا سوپای ئیسرائیل دەشڵێت، بە بەکارهێنانی زیاتر لە 450 تەن تەقەمەنی، دوو تونێلی ژێرزەوینی حزبوڵڵا بە درێژایی نزیکەی 2 کیلۆمەتری لە ناوچەی قەنتەرە کردووەتە ئامانج. بە وتەی لەشکری ئیسرائیل، لە ناو ئەم تونێلانەدا زیاتر لە 30 ژوور بۆ نیشتەجێبوون و پلاندانان و هەروەها 30 دەرگای هاتووچۆ بۆ ناو تونێلەکە دۆزراونەتەوە.
ئەم سوپایە هەروەها ڕایشیگەیاندووە "یەکێک لەم تونێلانە لە ماوەی دواییدا لەلایەن تیرۆریستەکانی هێزی ڕەزوانی سەر بە ڕێکخراوی تیرۆریستی حزبوڵڵاوە بۆ پێشبردن و جێبەجێکردنی پلانە تیرۆریستییەکان دژی ئیسرائیل و هاووڵاتیانی ئیسرائیلی بەکارهێندراوە، بەمشێوەیە مەترسییەکی ڕاستەوخۆ بوو دژی هاووڵاتییانی ئیسرائیل و هێزەکانی سوپای ئیسرائیل."