ئەمەریکا سزا دەخاتە سەر 35 دامەزراوە و کەسایەتی بە تۆمەتی یارمەتیدانی ئێران بۆ دەربازبوون لە سزاکان

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند سزای خستووەتە سەر 35 دامەزراوە و کەسایەتی بە تاوانی یارمەتیدانی تاران بۆ دەربازبوون لەو سزانەی لەلایەن ئەمەریکاوە بەسەریدا سەپێندراوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا، ئەم کەس و لایەنانە تۆمەتبارن بە "ئاسانکاریکردن بۆ گواستنەوەی دەیان ملیار دۆلاری پەیوەست بە خۆدزینەوە لە سزاکان و پشتیوانی ئێران لە تیرۆر".

وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاند "ئەو سەرچاوە داراییە نایاساییانەی کە لەلایەن کەس و لایەنە سزادراوەکانەوە گواستراونەتەوە، بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکانی تاران بەکارهێنراون و هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی ناوچەیی و ئابووری جیهانی دروست دەکەن."

بەپێی ئەو ڕاگەیاندنە، هەر لایەنێک کە هاوکاری دارایی ئێران بکات، ڕووبەڕووی دەرنجامی قورس دەبێتەوە.