دەم پارتی ڕەخنە لە حکومەت دەگرێت سەبارەت بە چارەسەری پرسی کورد

پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلانی تورکیا (دەم پارتی) کە لایەنگری کوردە، ڕۆژی سێشەممە بە شێوەیەکی توند ڕەخنەی لە ئەنکەرە گرت سەبارەت بە هەنگاو هەڵنەگرتنی حکومەت بەرامبەر بە پڕۆسەی ئاشتی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی دەیان ساڵەی نێوان تورکیا و پەکەکە و چارەسەری پرسی کورد لەو وڵاتە.

دەم پارتی سێهەمین پارتی گەورەی پەرلەمانی توکیایە و هاوکار بووە لە ئاسانکاری هەنگاوەکان بۆ ئاشتی لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستاندا.

توولای هاتیمئۆغوڵڵاری ، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند، حکومەت سەرکەوتوو نەبووە لەوەڵامدانەوەی ئەو بانگەوازەی مانگی دووی ساڵی 2025 لەلایەن عەبدوڵا ئۆجەلانەوە پێشکەش کرا بۆ دانانی چەک لە پێناو ئاشتیدا.

ئاماژەی بەوەشکردووە "لە کاتێکدا دیدێکی وەها گەشاوە لە پێشمانە و پێویستە بە خێرایی تەواو بەرەو ئامانجی ئاشتی هەنگاو بنێین، بەڵام حکومەت بە شێوەیەکی دوودڵانە و ترسنۆکانە مامەڵە دەکات و هەنگاوەکانی پێویست هەڵناگرێت.
عەبدوڵا ئۆجەلان ساڵی 2025 لەدوای بانگەوازێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ دانانی چەک لە پێناو چارەسەر کردنی پرسی کورد، داوایەکی ئاراستەی پارتی کرێکارانی کوردستان کرد و تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی پارتەکە و دانانی چەکی کرد.

پەکەکەش بە بانگەوازی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان، زنجیرەیەک هەنگاوی نا، بەڵام تاکو ئیستا لایەنەکانی بەشدار لەو پڕۆسەیەدا چاوەڕێی هەنگاوە یاساییەکانی حکومەتی تورکیا دەکەن.