وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا: بەم زووانە لە ئێران دەرهێنانی نەوت دەوەستێت و قەیرانی بەنزین دروست دەبێت

وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا دەڵیت بە هۆی گەمارۆی ئەمەریکا بۆ سەر هەناردەی نەوتی ئێران، ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ڕووبەڕووی قەیرانێکی ڕژدی وزە دەبێتەوە و بەم زووانە دەرهێنانی نەوت لەو وڵاتە "هەرەس دێنێت" و قەیرانی بەنزین دروست دەبێت.

وەزیری گەنجینە سکۆت بێسێنت لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، "لە کاتێکدا ئەو سەرکردانەی سوپای پاسداران کە لە ژیاندا ماون وەک کۆمەڵێک جرجان لێ هاتووە کە لە بۆری ئاوەڕۆدا گیریان خواردووە و دەخنکێن، پیشەسازی نەوتی ئێران بەهۆی گەمارۆی ئەمەریکاوە دەستی بە ڕاگرتنی بەرهەمهێنان کردووە."

سکۆت بێسێنت هەروەها نوسیویەتی، "بەم زووانە دەرهێنانی نەوتی خاو هەرەس دێنێت؛ دوای ئەوە کەمی بەنزین دەستپێدەکات."

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا چەند هەفتەیەکە ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی ئابووری" دژ بە ڕژێمی ئێران دەستپێکردووە. لەو چوارچێوەیەدا سزای سەپاندووە بەسەر چەندین کۆمپانیای ئێرانی و دەرەکی کە مامەڵە لەگەڵ ڕژێم دەکەن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی بلومبێرگ، کە بە پشتبەستن بە داتاکانی کۆمپانیای کەیپڵەر نووسیویەتی، ئێران بە خێرایی خەریکە تواناکانی بۆ هەڵگرتنی نەوتی خاو تەواو دەبێت و ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات ئێران توانای هەڵگرتنی نەوتی لە ئێستادا دابەزیوە بۆ 12 هەتا 22 ڕۆژ یان کەمتر.

کۆمپانیای کەیپڵەر لەسەر بوارەکانی وزە و کەشتیوانی جیهانی کار دەکات و لەڕێگەی چاودێریکردنی ڕۆیشتنی بارەکانەوە، زانیارییەکان لەسەر بازاڕەکانی نەوت و گاز پێشکەش دەکات.

شرۆڤەکارانی کۆمپانیای کەیپڵەر ڕۆژی سێشەممە 28ی مانگی چوار ڕایانگەیاند کەمبوونەوەی توانای هەڵگرتنی نەوتی خاوی ئێران دەتوانێت هەتا ناوەڕاستی مانگی داهاتوو ببێتە هۆی دابەزینی بەرهەمێنانی نەوت بۆ یەک ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.