بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی بلومبێرگ کە بە پشتبەستن بە داتاکانی کۆمپانیای کەیپڵەر نووسیویەتی، ئێران بە خێرایی خەریکە تواناکانی بۆ هەڵگرتنی نەوتی خاو تەواو دەبێت و ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات ئێران توانای هەڵگرتنی نەوتی لە ئێستادا بۆ 12 تا 22 ڕۆژ یان کەمتر، کەم بووەتەوە.
کۆمپانیای کەیپڵەر لەسەر بوارەکانی وزە و کەشتیوانی جیهانی کار دەکات و لەڕێگەی چاودێریکردنی ڕۆیشتنی بارەکانەوە، زانیارییەکان لەسەر بازاڕەکانی نەوت و گاز پێشکەش دەکات.
شرۆڤەکارانی کۆمپانیای کەیپڵەر ڕۆژی سێشەممە 28ی مانگی چوار ڕایانگەیاند کەمبوونەوەی توانای هەڵگرتنی نەوتی خاوی ئێران دەتوانێت تا ناوەڕاستی مانگی داهاتوو ببێتە هۆی دابەزینی بەرهەمێنانی نەوت بۆ یەک ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.
بەم شێوەیەش کۆی بەرهەمهێنانی نەوتی ڕۆژانەی ئێران بۆ نزیکەی 1.2 ملیۆن بۆ 1.3 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەم دەبێتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەی بلومبێرگدا هاتووە هەناردەی نەوتی خاوی ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا فەرمانی گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێرانی دەرکرد.
بەگوێرەی داتاکانی کەیپڵەر ، ئێران لە مانگی سێدا بە تێکڕا یەک ملیۆن و 85 هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا هەناردە کردووە. ئەم ڕێژەیە لە دوای سەپاندنی گەمارۆکە بۆ نزیکەی 567 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزیوە.
توێژەرانی کەیپڵەر لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ئاماژەیان بەوە کردووە لە دوای سەپاندنی گەمارۆی ئەمەریکاوە، بارکردنی نەوتی خاوی ئێران لەسەر تانکەرەکان نزیکەی لەسەدا 70 دابەزیوە.
بە گوتەی کەیپڵەر ، کاریگەرییەکانی گەمارۆی دەریایی لەسەر داهاتی ئێران لە نزیکەی سێ بۆ چوار مانگی دیکە هەست پێدەکرێت.
ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکدا بە پشتبەستن بە داتاکانی کەیپڵەر ، ئاماژەی بە زیادبوونی بڕی نەوتی هەڵگیراو لە عەمبارەکانی ئێراندا کردووە و ڕایگەیاندووە ئەم بڕە لە چەند هەفتەی ڕابردوو دوای گەمارۆی دەریایی ئێران، گەیشتووەتە نزیکەی 49 ملیۆن بەرمیل.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بە گوتەی کەیپڵەر ، کۆی توانای هەڵگرتنی نەوتی ئێران لەسەر وشکانی لە نێوان 86 بۆ 95 ملیۆن بەرمیلە.