نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ ئیبراهیم حەمادە ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، هەردوولا بیروڕایان لەبارەی دەرئەنجام و کاریگەرییەکانی پێشهاتەکانی ئەم دواییە بەتایبەت لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کردووە.
هەروەها لەو پەیوەندییە تەلەفونییەدا جەخت لە گرنگی بەردەوامبوونی پاڵپشتی کۆنگرێسی ئەمەریکا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاجیاکاندا کراوەتەوە.
ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی باس لەوە دەکات کە ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیری، بارودۆخی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان و پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵێک بابەتی دیکە تەوەرەکانی دیکەی گفتوگۆی نێوان سەرۆکی هەرێم و ئەو ئەندامەی کۆنگرێسی ئەمەریکا بووە.
ئیبراهیم حەمادە کۆمارییەکی گەنجی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکایە و بەوە ناسراوە کە هەڵوێست و چالاکی هەیە لەسەر پرسەکانی وەک سیاسەتی دەرەوە، ئاسایشی سنوورەکان و پرسەکانی پەیوەند بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە. ناوبراو پیشتر لە دیداریدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندبوو شانازی بە ڕەگ و ڕیشەی کوردبوونی دەکات و وتبووی داپیرەم کوردە و دایکم لە درووزەکانە.