مارکۆ روبیۆ دەڵێت ئێران ناتوانێت کۆنتڕۆڵی گەرووی هورمز بکات

Shield of the Americas Summit in Doral, Florida

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ روبیۆ ڕایدەگەیەنێت ئیدارەی سەرۆک ترامپ ڕێگا بەوە نادات بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە ئاسایی ببێتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە گفتوگۆکانی نێوان واشنتن و تاران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن هەڵوەشاونەتەوە.

مارکۆ روبیۆ ڕۆژی دووشەممە بە کەناڵی فۆکس نیوزی ڕاگەیاند، "ئەمە کردنەوەی گەرووی هورمز نییە ئەگەر ئێرانییەکان مەبەستیان بێت بڵێن، 'بەڵێ، گەرووەکە کراوەتەوە هەتا ئەو کاتەی هەماهەنگی لەگەڵ ئێران دەکرێت و ڕەزامەندی ئێمە وەردەگرن، ئەگەر نا کەشتییەکانتان دەتەقێنینەوە.'"

ڕاشیگەیاند، "ڕژێمی ئێران ناتوانێت ئەم هەڵسوکەوتە ئاسایی بکاتەوە و ئێمەش ناتوانین ئەو هەڵسوکەوتەیان بە ئاسایی وەرگرین کە سیستەمێک هەبێت تێیدا ئێرانییەکان بڕیار لەسەر ئەوە بدەن ئاخۆ کێ دەتوانێت ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان بەکار بهێنێت و پێویست بکات چەند پارەیان پێ بدات لە بەرامبەر بەکارهێنانی."

لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کاتێکدایە ڕاپۆرتە هەواڵییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کۆماری ئیسلامی پێشنیارێکی نوێی بۆ واشنتن خستووەتە ڕوو کە تێیدا هەوڵ دەدات تەنگەی هورمز بکاتەوە و کۆتایی بە شەڕەکە بهێنن، بەڵام دانوستانە ئەتۆمییەکان بۆ قۆناغێکی دواتر دوا بخرێن.

وتەبێژی کۆشکی سپی کارۆلین لڤیت ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند سەرۆک ترامپ لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتیمانی بەیانی ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکدا ئەو پێشنیارەیان تاووتوێ کردووە.

مارۆکۆ روبیۆ لە چاوپێکەوتنەکەی فۆکس نوزدا جەختی کردەوە لەوەی هەر گفتوگۆیەک لەگەڵ ئێران دەبێت جەخت لەوە بکاتەوە ڕژێم نەتوانێت دەستی بگات بە چەکی ناوەکی.

روبیۆ ڕایگەیاند، "هەموو ئەو کێشانەی ئێران هەیبوون بەر لە دەستپێکی ئەو ناکۆکیانە، هێشتا ماون و زۆربەیان خراپترن. هەڵاوسان خراپترە، هێشتا وشکەساڵییان هەیە، کێشەی پارەدارکردنیان هەیە چونکە ئابوورییان تەخت بووە و ڕووبەڕووی سزای ئابووری شکێنەر بوونەتەوە. هەموو ئەو کێشانە ماون و زۆرێکیان خراپتر بوونە. سەرەڕای ئەمە، ئێستا تەنها نیوەی مووشەکەکانیان لەدەست ماوە و کارگەکانی مووشەک و هێزی دەریایی و ئاسمانییان لەناو چووە. ئەوان لە دۆخێکی خراپتر و لاواز تر دان، بۆیە بەدوای بەدەستهێنانی کاتدا دەگەڕێن، ئێمەش نابێت ڕێگەی ئەمەیان پێ بدەین."

گوتیشی، "ئەوان مامەڵەکاری زۆر بە توانان و مامەڵەکاری زۆر بە ئەزمونن. دەبێت ئەوە دڵنیا بکەینەوە کە هەر گفتوگۆیەک و ڕێککەوتنێک بکرێت بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە ڕێگای ئەوەیان لێ بگرێت لە هەر کاتێکدا بەرەو ڕێڕەوی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بڕۆن."