"کوردبوونم یەکەم تاوانمە"؛ نامەی گەنجێکی کورد لە زیندانەوە و هاواری بنەماڵەکەی بۆ ڕاگرتنی لەسێدارەدانی

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕۆژی دووشەممە لە هەژماری ئێکسی خۆی گرتەیەکی ڤیدیۆیی دایک و باوکی ناسر بەکرزادە، زیندانی سیاسی کورد کە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، بڵاو کردووەتەوە کە تیایدا داوا لە هەموو بەرپرسانی ئایینی و مافی مرۆڤ دەکەن هەنگاو هەڵگرن بۆ وەستاندنی جێبەجێکردنی سزای کۆڕەکەیان.

ناسر بەکرزادە، زیندانی کوردی تەمەن 26 ساڵ، ماوەی سێ ساڵە لە زینداندایە و تۆمەتبارە بە سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل و بەم تۆمەتەش، سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە. باوکی ئەم زیندانییە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە کوڕەکەی بێ تاوانە و سزای لەسێدارەدانی کۆڕەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی ئێستای ئێران.

باوکی ناسر دەڵێت سزای سەر کوڕەکەی دووجار لە دادگای باڵا هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام ئەو لقەی کە لە سەرەتادا سزای بەسەردا سەپاندووە، جارێکی دیکە سزای لەسێدارەدانی کوڕەکەی پشتڕاستکردووەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی کوردپا سەبارەت بەم زیندانییە نووسیویەتی سزای لەسێدارەدانی سەر ناسر بەکرزادە لەکاتێکدایە کە پێشتر دادگای باڵای ئێران بە هۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست و پێشێل کردنی ڕەوتی دادگایی کردنی ناوبراو، سزای سەر ئەم زیندانییە سیاسییەی دوو جار هەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام دواجار لەژێر کاریگەری دەرەنجامەکانی شەڕی ئەم دواییە، سزاکەی جارێکی دیکە لەلایەن هەمان دادگاوە کە سەرەتا بڕیارەکەی لەدژی داوە، بە لەسێدارەدان سزا دراوەتەوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی رێکخراوی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بەم زیندانییە "ناسر بەکرزاده هاوینی 2023 لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە ورمێ دەستبەسەر کراوە و دوای چەند حەفتەیەک بەڵێنی هاوکاریکردنی بە دامودەزگا ئەمنییەکان داوە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە. بەڵام دیسان لە مانگی یەکی ساڵی 2024 لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستاش لە زینداندایە."

ناسر بەکرزادە لە نامەیەکەدا کە ماڵپەڕی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، نووسیویەتی "ڕەنگە زۆربەی خەڵک بە تەواوی نەزانن سزای لەسێدارەدان چییە، بەڵام بزانن ئەم سزایە بە شێوەیەکە هێچ کەس و هیچ شتێک بەرگەی ناگرێت."
دەشڵێت "ئەم سزایە هەزار جار منی تا ئێستا شکاندووە و منی کوشتووە و هەر ساتێکم مردنێکە بۆم. هەروەها خێزانەکەمی لەناوبردووە. بە ئاسانی بەسەر ئەم ئەم هەواڵەدا تێ مەپەڕن. ئەمڕۆ نۆرەی منە و سبەی نۆرەی کەسێکی ترە."

بەکرزادە لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا دەڵێت "داوا لە هاونیشتیمانە ئازیزەکانم و کوردە بە پەرۆشەکانی ناوخۆی وڵات و لە هەموو شوێنێکی دونیا و ئەو مامۆستا ئاینیانەی کە من قوتابییان بووم، دەکەم کە دەنگی من بن."

ئەم زیندانییە سیاسییە کە خەڵکی شاری ورمێیە، لە کۆتایی نامەکەیدا دەڵێت "ورمێ لەگەڵ باقی شارەکانی ئێران جیاوازە. من لە ناخی دڵەوە ئەمە دەڵێم: یەکەم تاوانی من کورد بوونمە و پاشان سوننە بوونمە. وەرەن بە هانای منەوە. من یەکەم نیم و دواهەمیش نابم."

ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ (هیومەن ڕایتس واچ) پێشتر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو ناسر بەکرزادە لەگەڵ چوار هاووڵاتی دیکەی کورد بە سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل تۆمەتبار کراون و دەڵێت کۆماری ئیسلامی لەسێدارەدان "وەک ئامرازێک بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و توقاندن" بەکاردەهێنن، بەتایبەتی دژی کەمینە نەتەوەییەکان و نەیارانی سیاسی خۆی."

کۆماری ئیسلامی لە ماوەی 40 ڕۆژی ڕابردوودا 22 کەسی بە تۆمەتی سیاسی و ئەمنی سێدارە داوە. ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ڕایگەیاندووە کۆماری ئیسلامی لە دوای بەرزبوونەوەی گرژییە ناوچەییەکان و لەوان ململانێکانی پێوەندیدار بە ئیسرائیلەوە، سەرکوت و لەسێدارەدانی ناوخۆیی خۆی چڕتر کردووەتەوە.