شارەزایانی بواری ئابووری ئێران پێیان وایە لە ئەگەری چارەسەری کێشەکانی رژێم لە گەڵ ڕۆژاوا، هەندێک فاکتەری وەکوو گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن وا دەکەن گەڕانەوەی ئابووری ئێران بۆ قۆناخی گەشە دژوار ببێت، بەو پێیەی ئەم دۆخە خراپە تەنانەت لە پێش گەمارۆکانیشەوە لە ئابووری ئێراندا هەبووە.
ئەلماس حێشمەتی ئابوریناس و مامۆستای زانکۆ لە چین لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا وتی، "ئابووری ئێران بۆ چەندین دەیەیە لەژێر سزای نێودەوڵەتی، بەڕێوەبردنی خراپ، دابەشکردنی نادروستی سەرچاوەکان و گەندەڵیدا بووە. هەر ئابوورییەک بۆ ماوەیەکی درێژ لەژێر سزاکانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکادا بێت، بە دیاری تێکدەچێت و لە گەشەپێدان دوا دەکەوێت."
سیروان تەیێبی، ئابووری ناس و لێکۆڵەر لە شیکاگۆ لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا باس لە دۆخی نالەباری ئابووری ئێران پێش شەڕەکە دەکات و دەڵێت، "ئابووری ئێران لە حاڵێکدا دەچێتە ژێرگەمارۆی دەریاییەوە کە خۆی بۆ ماوەیێکی زۆر لە بارودۆخێکی ماکرۆئابووری زۆر هەستیاردا بووە."
هەتا پێش دەسپێکی ئەم گەمارۆیە، بەهای بەرهەمی ناوخۆیی گشتی (جی دی پی) ئێران نزیکەی 300 هەتا 340 ملیار دۆلاربوو. پێشبینییە ئابوورییەکان ئاماژە دەکەن بەوەی ئابووری وڵاتەکە بە ڕێژەی زیاتر لە 6٪ لە ساڵێکدا بچووک دەبێتەوە.
موعتەسەم تاتایی ئابووریناس و مامۆستای زانکۆ لە لەندەن لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت کەرتی تایبەت لە ئابووری ئێران زۆر لاوازە و ئابوورییەکە بە دەست دامەزراوەیەکەوە بەڕێوە ئەبرێ بە ناوی "بەیتی ڕێبەری." فەرماندەیی 'خاتم ئەنبیا' سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، وەک نموونەیەک، خاوەنی 820 کارگەی جۆربەجۆرە و بەشێکی هەرە گەورەی ئابووری ئێران دەسووڕێنێت.
تاتایی باس لەوە دەکات لە ئێراندا، "کاتێک حکومەت تووشی کەمی نەختینە دەبێت، واتە کاتێک پارەی نییە، لەبری پارە، نەوت دەدات بە سوپای پاسداران. سوپای پاسداران نزیکەی نیوەی هەناردەی نەوتی ئێرانی لە ساڵی 2025دا بەدەستەوە بووە کە دەکاتە لانیکەم 30 ملیار دۆلار."
بە گوێرەی تاتایی هەزاران کۆمپانیای وەهمی و نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو کە لە سیستەمە بانکییەکانی ڕووسیا و چیندا شاردراونەتەوە، یارمەتیان پێشخستنی ئەم پرۆسەیەیان داوە.
بەڵام لە ئەگەری ئاگربەست و ڕێککەوتنیش و ئەگەر پەیوەندییە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانێش جێگیر ببن، چاودێران پێشبینی دەکەن ئێران هێشتا ڕووبەڕووی چەندین کێشەی پێکهاتەیی بۆ بنیاتنانەوە و گەیشتن بە ئاستێکی گەشەکردن دەبێتەوە.
ئەلماس حیشمەتی ڕایگەیاند، "زۆرێک لە پێکهاتەکانی ئێستا تێکچوون، یان ڕەنگە زیاتر تێکبچن. ئێران بۆ گەڕانەوە بە دۆخی گەشەی ئابووری پێویستی بە گۆڕانکارییەکی ڕادیکاڵ لە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئەمەریکا و ئەوروپا و وڵاتانی کەنداو هەیە. لەناوخۆشدا پێویستی بە گۆڕانکاری قووڵ هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت بچێتە ئەو قۆناخەوە."
دکتۆر تاتایی دەڵیت ئەگەرچی سوپای پاسداران و دامەزراوەکانی سەر بە بەیتی رێبەریی بە هۆی قۆرخکردنی بازارەکان و بەرز بوونەوەی نرخەکان بەرژەوەندی زۆریان کۆ کردۆتەوە، بەڵام شەڕ بۆتە هۆی کێشەی زیاتر بۆ سوپای پاسداران و رژێمی ئێران. " کارگە چەکسازییەکانی سەر بە قەرارگای خاتەمولئەنبیای سەر بە سوپای پاسداران لە سەرەتای مانگی سێوە لەژێر ئاگرێکی تونددا بوون. دوو کارگەی گەورەی پۆڵای ئێران دوای هێرشەکان داخراون و نزیکەی 70٪ی توانای بەرهەمهێنانیان لەدەست داوە."
بە گوێرەی تاتایی ئابووری ئێران لەژێر گوشاری زۆردا دەبێت بەڵام "لە کورتمەودا دەوڵەت و دامودەزگاکانی سەر بە بەیتی رێبەری، ئەگەر بتوانن گەمارۆی دەریایی ئەمریکا تێپەڕ بکەن، قازانج دەکەن."
لێکدانەوەی سیروان تەیێبی لەو پێوەندیەدا دەردەخەری ئەوەیە کە پێ ناچێت ئێران بتوانێت ئەو کارە بکات.
تەیێبی دەڵێت، "گەمارۆی دەریایی ئەمەریکا، کە بەسەر ئابووریی لاوازی ئێراندا سەپێنراوە، بە شێوەیەکی نزیک بە تەواوەتی هاتوچۆی دەریایی بەندەرەکانی ئێرانی ڕاگرتووە. ئەم سنووردارکردنە پێش بە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە گواستنەوەی نێودەوڵەتی دەگرێت، بە شێوەیەک کە ئێران نزیکی هەموو توانای خۆی بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو و مادە پێتڕۆکیمیاییەکان، کە سەرەکیترین سەرچاوەکانی داهاتین، لەدەست دەدات".
لە لێدوانەکەی بۆ دەنگی ئەمەریکا، تاتاییش خوێندنەوەی رەشبینانەی خۆی بۆ ئابووری ئێران ناشارێتەوە و بە پشتبەستن بە ئامار و ژمارەکان دەری دەخات کە ئاسۆیێکی ڕوون بۆ ئابووری ئێران پێشبینی ناکرێت.
تاتایی دەڵێت لە ئێران "لە هەر دە کەس کە لە تەمەنی کارکردن دان، شەش کەسیان بێکارن. کەرتی خزمەتگوزاریی، کە کاتی خۆی نیوەی هێزی کاری ئێرانی پێک دەهێنا، بە هۆی بڕینی ئینتەرنێت کەوتووەتە ژێر گوشارێکی زۆرەوە."
دەشڵێت، "هەڵاوسانی ساڵانە لە کاتی دەسپێکی ئەم شەڕەدا کەمێک لە 50٪ کەمتر بوو کە بەگوێرەی بانکی ناوەندی بەرزتریش بوەتەوە."
بە گوێرەی تاتایی ئەوەی کە کاریگەریە نەرێنیەکانی ئەم دۆخە زیاتر دەکات کورتهێنانی بودجەی دەوڵەتە. ئەم کورتهێنانی بودجەیە "دەبێتە هۆی چاپی پارەی بێ پاڵپشت لە لایەن بانکی ناوەندی ئێرانەوە. هەڵاوسان لە ڕێگەی چاپی پارەوە بە باجی هەڵاوسانی دەناسرێت. ئەمە وەکو باجێکە کە بە زۆرەملێ لە هەموو خەلک دەستێندرێت بە بێ ئەوەی هەڵسوکەوتێکی ئابووریشیان هەبووبێت یان چالاکییەکی ئابووری ڕووی دابێت."
تاتایی ئاماژەی دا، "هەڵاوسان و بێکاری پێکەوە نیشانەک یان ئیندەکسی نەهامەتی دروست دەکەن. هەرکاتێک ئەم دوو پێوەرە پێکەوە دەچنە سەر، نیشانەیەکی نەهامەتی زیاتر بەرز دەبێتەوە. هەر بۆیە لەم چەند ساڵەی ڕابردووەدا، خەڵکانێکی زۆرتر لە ئێران چونەتە ژێر پێوەری هێڵی هەژاریەوە."
تاتایی سەبارەت بە بەرجەوەنی ئەو ئابووریە لە درێژخایەن دا ئەڵێت "لە درێژمەودا تەنها یەک فاکتەر دەتوانێت ئابووری ئێران بەرەو ڕێگایەکی باشتر بەرێت ئەویش نەمانی رژێمی وەلایەتی فەقیە و نەمانی دەسەلاتی هێزی سەربازیە بەسەر ئێراندا. مانەوەی ئەم دامودەزگا سیاسیە هەموو ئەو پێوەرانەی ئاماژەمان پێکردن دەباتە ئاستێک لە نالەباری کە هەتاوەژ ئێستا وڵاتی ئێران بە خۆیەوە نەیبینیوە."
ئابوورییەک کە پێشتر لە ژێر باری گەندەڵی، سیاسەتی ئایدۆلۆژی لێدراو و بەڕێوەبەری خراپ تووشی کێشەی قووڵ بوو، ئێستا لە ژێر باری گەمارۆکان بەرەو ئاقارێک دەچێت کە لە لایەن کارناسانەوە زۆر تاریک دەبینرێت. ئەم کارناسانە پێکهاتنی گۆڕانکاری لەم دۆخەدا دەبەستنەوە بە گۆڕانی بنچینەیی لە سیاسەتەکانی رژێم یان تەنانەت گۆڕینی خودی رژێمەکە.