حکومەتی بەحرەین ڕایدەگەیەنێت 69 هاوڵاتی ئەو وڵاتە ڕەگەزنامەکانیان لێ دەسەنرێتەوە بەهۆی ئەوەی ستایش و پشتیوانییان بۆ هێرشەکانی ڕژێمی ئێران دەربڕیوە.
وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین ڕۆژی دوشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "ڕەگەزنامەی بەحرەینی ئەو کەسانە هەڵوەشێنراوەتەوە کە پێهەڵدان و هاوسۆزییان دەربڕیوە بۆ کردەوە دوژمنکارەکانی ئێران، یان پەیوەندییان لەگەڵ لایەنە دەرەکییەکان هەبووە."
وەزارەتەکە دەڵێت ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی ڕێنماییەکانی شا حەمەد بن عیسا خەلیفە و مادەی 3/10 لە یاسای ڕەگەزنامەی نیشتیمانیی ئەو وڵاتە دایە.
ئەو مادەیە لە یاسای ڕەگەزنامەی نیشتیمانیی بەحرەین ڕێگە بە هەڵوەشاندنەوەی ڕەگەزنامە دەدات لە حاڵەتی "زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی شانشین یان مامەڵەکردن بە شێوەیەک کە پێچەوانە بێت لەگەڵ ئەرکی دڵسۆزی بۆی."
لە ساڵی 2019 وە ئەمە بە یەکەم حاڵەتی هەڵوەشاندنەوەی بەکۆمەڵی ڕەگەزنامە دادەنرێت لەو وڵاتە.
بە گوێرەی داتا فەرمییەکان، حکومەتی بەحرەین لە ساڵی 2010 هەتا ساڵی 2019 بە لایەنی کەمەوە ناسنامەی نۆ سەد و 90 کەسی هەڵوەشاندووەتەوە، بە تۆمەتی جۆراوجۆری وەک پشتگیری لە تیرۆر و پەیوەندی لەگەڵ لایەنی دەرەکی.
بەڵام ئەم ڕێوشوێنانەی شانشینی بەحرەین ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی ڕێکخراوە چاودێرەکان بووەتەوە، کە دەڵێن ئەو یاسایە بۆ لێدان لە ئۆپۆزسیۆنی سیاسی بەکار دەهێنرێت.
لە سەرەتای مانگی سێ هەتا ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە 8ی ئەم مانگە، ڕژێمی ئێران و بریکارەکانی جگە لە هێرشکردنە سەر خاکی ئیسرائیل و پێگەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە، هەروەها سەدان هێرشی مووشەک و درۆنیان کردووەتە سەر وڵاتانی کەنداو و هەرێمی کوردستان.