ناسنامەی تۆمەتباری تەقەکردن لە ئێوارەخوانی پەیامنێرانی کۆشکی سپی ئاشکرا دەکرێت

بەگوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵ، تۆمەتباری تەقەکردنەکەی ئێوارەخوانی ساڵانەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی لە واشنتن دی سی ناوی کۆل تۆماس ئالن، تەمەن 31 ساڵ، خەڵکی شاری تۆرانسی ویلایەتی کالیفۆرنیایە.

بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی واشنتن، تۆمەتبارەکە بە دوو چەکی ئاگرین و چەند چەقۆیەکەوە چووەتە شوێنی ڕووداوەکە و تەقەی لە پۆلیسێکی ئاسایش کردووە. هەم پۆلیسەکە و هەم هێرشبەرەکە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

پۆلیس ئاماژەی بەوەشکردووە هێرشبەرەکە تەنها بووە وهێشتا پاڵنەرەکەی بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە ڕوون نییە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.

پۆلیسی واشنتن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوای ڕووداوەکە ڕایگەیاند هێرشبەرەکە بەرەو ئەو هۆڵە ڕۆیشتووە کە سەرۆک و میوانەکانی تێدا ئامادەبوون و لەو کاتەدا بەهۆی وریابوونی پۆلیسەکانەوە، ناوبراو لە شوێنی ڕووداوەکە ڕاگیرا.

داواکاری گشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند تۆمەتبار لە ئێستادا بە دوو تۆمەتی هێرشکردن بە چەکی ئاگرین و هێرشکردنە سەر پۆلیسێک بە چەکی مەترسیدار تۆمەتبارە، وتیشی "بەڵام پێدەچێت تۆمەتی زۆر زیاتر ڕووبەڕووی ببێتەوە بە پشتبەستن بەو زانیاریانەی بەدەستمان دەگات.

ئاماژەی بەوەشکرد تۆمەتبارەکە ڕۆژی دووشەممە لە دادگای ناوچەی فیدراڵی ڕووبەڕووی تۆمەتەکانی دەبێتەوە.